کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی گوشارەکان بۆ سەر دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا

12:37 - 2 رەشەمه 2723

هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە شاری ئاودانان دوای دروستکردنی دۆسییەکی نوێ بۆ سەید ئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادە بەمەبەستی دەسبەسەرکردنی ناوبراو، هێرشیان کردە سەر ماڵەکەیان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ''کوردپا''ی ڕاگەیاندووە: ''بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەشەمە، هێزەکانی ئیتلاعات و کەڵانتەری بۆ دەسبەسەرکردنی سەید ئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادە بە چەند ماشینێکەوە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بنەماڵەکەیان و کاتێک زانیان لە ماڵەوە نییە، هەوڵی دەسبەسەرکردنی براکەیان دا.

لە ڕەوتی ڕاپەرینی 'ژین، ژیان، ئازادیدا هێزەکانی ڕێژیم بەهۆی دەسپێڕانەگەیشتن بە سەید ئەمیرحوسێن بۆ دەسبەسەرکردنی، برایەکی بە ناوی ئەمیرڕەزایان بە بارمتە گرت و بۆ ماوەی ٤٨ ڕۆژ دەسبەسەریان کرد و ئەشکەنجەیان دا تا سەیدئەمیرحوسێن خۆی ڕادەستی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بکات.

لەئێستادا ئەم بنەماڵەیە لە دووبارەکردنەوەی سێناریۆی بارمتەگرتنی ناوەند ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم و دووبارە دەسبەسەرکردنەوەی ئەمیرڕەزا بۆ ئەوەی دەستیان بە سەید ئەمیرحوسێن بگات، زۆر نیگەرانن.

سەید ئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادە، لاوی تەمەن ١٩ ساڵەی خەڵکی ئاودانان و یەکێک لە دەسبەسەرکراوەکانی ڕاپەڕینی ''ژن، ژیان، ئازادی'' لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیلامەوە بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی ڕێژیم، سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و ئەندامبوون لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئێران بە ٢٤ مانگ بەندکران سزا درا.

هەروەها دادگا بەهۆی نەبوونی پێشینەی کەیفەری، ماوەی هەڵپەساردنی ١٣ مانگ لە  ١٦ مانگ بەندکرانی سەید ئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەر کردووە و سێ مانگی دیکەی زیندانییەکی بۆ پێبژاردنی ٣٠ میلیۆن تمەن گۆڕی.