کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا جارێکی دیکە بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەتی بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە ڤێتۆ کرد

12:55 - 2 رەشەمه 2723

ئەمریکا جارێکی دیکە ڕەشنووسی بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس ڤێتۆ کرد، کە تێیدا داوا لە لایەنە ناکۆکەکان کراوە لەسەر ئاگربەستی دەستبەجێ ڕازی بن.

لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە ١ڕەشەمەدا، ١٣ ئەندامی دیکەی ئەنجومەنی ئاسایش دەنگیان بەم ڕەشنووسە دا و بریتانیا وڵاتێک بوو کە دەنگی نەدا، ئەمریکاش بە ڤێتۆکردنی وای کرد ئەم بڕیارە پەسەند نەکرێت.

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، ئەمە سێیەم جارە کە ئەمریکا کەڵک لە دەسەڵاتی ڤێتۆی خۆی لە بڕیارنامەی ئاگربەست لە غەززە وەردەگرێت، پێشتریش چین و ڕوسییە ڕەشنووسی پێشنیارکراوی ئەمریکا سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و غەززەیان ڤێتۆ کردبوو.

لەو پێیوەندییەدا، ڕیاز مەنسوور، نوێنەری فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤێتۆی ئەمریکای بە بێباکانە و مەترسیدار وەسف کرد.

تا ئێستا واشنگتۆن لە هەر بەڵگەنامە و کردەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دژی بەکارهێنانی وشەی "ئاگربەست" بووە.

بەگوێرەی ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی ئەمریکا، ئەنجومەنی ئاسایش پشتیوانیی خۆی بۆ ئاگربەستێکی کاتی لە غەززە بە زووترین کات دووپات دەکاتەوە و بە پشتبەستن بە فۆرموڵی ئازادکردنی هەموو بارمتەکان، داوای لابردنی بەربەستەکانی بەردەم گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان دەکات.

لە مانگی سەرماوەزدا، زیاتر لە سێ لەسەر چواری ١٩٣ ئەندامی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگیان بە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ دا.