کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاککردنی دەزگای دادوەریی ڕێژیم لەلایەن گرووپی سایبیریی عداڵەتی عەلییەوە

12:58 - 2 رەشەمه 2723

گرووپی سایبێریی عداڵەتی عەلی کە پێشتر کامێراکانی بەندیخانەی ئێڤین و دەنگوڕەنگی ڕێژیمی هاک کردبوو، لە نوێترین هەوڵی خۆیدا دەزگای دادوەریی ڕێژیمی کردە ئامانج و سێرڤێرەکانی هاک کرد.

گرووپی هاکێریی عداڵەتی عەلی ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەشەمە ڕایگەیاند کە لە هێرشێکی سایبێریدا توانیویەتی سیستەم و سێرڤێرەکانی دەزگای دادوەریی ڕێژیم هاک بکات و دەست بەسەر وردەکارییەکانی ٣ ملیۆن دۆسییەی دادوەری و ژمارەیەک بەڵگەی نهێنیدا بگرێت.

بە وتەی ئەم گرووپە بەشێک لەم بەڵگانە لەلایەن دامەزراوەکانی دیکەی ڕێژیم وەک وەزارەتی ئیتلاعات، حێفازەتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیمەوە بۆ دەزگای بەناو دادوەری نێردراون.

بڵاوکردنەوەی بەشێک لەم بەڵگانە لەسەر کاناڵی تێلێگرامیی گرووپی عداڵەتی عەلی لە ڕۆژی ڕابردوو، کاردانەوەیەکی بەربڵاوی لێکەوتووەتەوە.

کاردانەوەکان زیاتر سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی ناڕازییان و کەسایەتییە ناسراوەکان، تێچووەکانی دەزگای دادوەری بۆ چاککردنەوەی قامچی و خواردنی گران بۆ کارمەنداکانیان و هەروەها دۆسییەی ژینا ئەمینی بووە.

لە بەشێکی دیکە لە بەڵگە بڵاوکراوەکاندا هاتووە کە دەبێت بەڵگە پزیشکییەکانی ژینا ئەمینی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بکرێتەوە و لەگەڵ پزیشکانی متمانەپێکراوی خۆیان سەبارەت بەو بابەتە، لێدوان وەربگیرێت.

بڵاوبوونەوەی ژمارەیەکی دیکە لە بەڵگەکانی گەندەڵییەکانی ڕێژیم و دامودەزگاکانی لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکان، دەتوانێت جارێکی دیکە ڕووی ڕاستەقینەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ هەمووان ئاشکرا بکات.