کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی هاوبەشی یەکیەتییەکانی خوێندکاران، لاوان و ژنانی دێموکرات بەبۆنەی ڕۆژی زمانی دایکی

13:04 - 2 رەشەمه 2723

یەکیەتییەکانی خوێندکاران، لاوان و ژنانی دێموکرات بەبۆنەی ٢ی ڕەشەمە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

"زمان، کەرامەت و شوناسی نەتەوەییمانە"

زمان سەرچاوەی ژیانی مرۆڤە و بوون و مانەوەی هەر نەتەوەیەک لە زماندا مانابەخشە. ئەوەی کە هەر نەتەوەیەک مافی ڕەوای خۆیەتی بە زمانی دایکیی خۆی ئەرکەکانی ژیانی ڕاپەڕێنێت و بۆ پرۆسەی ژیان لە بوارە جیاوازەکاندا منداڵانی خۆی پەروەردە بکات، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە مخابن ئەم ڕاستییە لە پێوەندی لەگەڵ نەتەوەی کورددا بە پێچەوانە بەرەوپێش دەڕوات و سەدان ساڵە کە داگیرکەرانی کوردستان نەک مافی پەروەردەکردنیان بە زمانی کوردی نەداوە، تەنانەت هەوڵی تواندنەوەی زمانی کوردیشیان داوە.

ئەگەر دوژمنانی کورد هەوڵی سڕینەوەی نەتەوەی کورد دەدەن ئەم خەونەیان زیاتر لە هەموو پیلانێکیان لە تواندنەوە و یاساغکردنی زمانی کوردی دەبیننەوە و بە هەموو شێوەیەک لەم ڕاستایەدا کێشە و ئاریشە ساز دەکەن و پاش سەرهەڵدانی چەندین دەوڵەت ـ نەتەوەی تازەسەرهەڵدراوی ئێران، تورکیە، سووریە و عێراق بە شێواز و سیاسەتی جیاوازەوە بەرەنگاری ئەم زمانە بوونەتەوە. ئەگەر لە وڵاتی تورکیە ئاخافتن بە زمانی کوردی یاساغ بوو، لە ئێرانی سەردەمی پاشایەتی و ڕێژیمی ئیسلامیدا ئەم سیاسەتە گەلێک مەترسیدارتر لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بەڕێوە چووە و سەدان ساڵە بە ئاشکرا و بە خشکە هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئەم زمانە لە ڕێڕەوی خۆی ببەنە دەرەوە و وەکوو بەشێک لە زمانی فارسی لە قەڵەم بدرێت، ئەمە لەحاڵێکدایە کە لەم زمانە وەکوو سەرچاوەیەک و هەوێنێک بۆ گەشەکردنی زمانی فارسی کەڵک وەرگیراوە.

ئەگەرچی هەوڵەکان بۆ تواندنەوەی زمانی کوردی لەلایەن داگیرکەرانەوە جیددی بووە، بەڵام چەندین هۆکار ئەم زمانەی پاراستووە کە سەرەڕای نەبوونی دەسەڵات و پشتیوانێکی سیاسی بە شێوەی سروشتی لە حاڵی گەشەکردن و پەرەسەندنە و ڕۆژانە و ساڵانە شایەتی بەرزبوونەوە ڕێژەی پەرتووکە کوردییەکانین. لە گەشەکردنی زمانی کوردیدا جیا لە لەباربوونی سروشتی کوردستان و فرەڕەنگی و فرەزاراوەیی، مامۆستایانی بواری ئەدەبیات و زانستی کوردی پێشمەرگەئاسا ڕۆڵی خۆیان گێڕاوە و لەگەڵ هەموو تەنگوچەڵەمەکان و گوشارە ئەمنییەتییەکانی ئەم ڕێگایە، کۆڵیان نەداوە و بێپسانەوە خزمەتیان بە زمانی دایکیی خۆیان کردووە.

هاونیشتمانانی ئازیز، خوێندکاران، لاوان و ژنانی نیشتمانپەروەر، لە ڕۆژی ٢ی ڕەشەمە کە وەکوو ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی دیاری کراوە، داواکارین کە لە زمانی کوردی وەکوو سەرچاوەی ژیان و خەباتی دەیان ساڵەی نەتەوەکەمان پارێزگاری بکەن و لە پەروەردەکردن و فێرکردنی مناڵانی کورد کەمتەرخەم نەبن، لەبەر ئەوەی دوژمنانی کورد بە لاوازبوونی زمانی کوردی شاگەشە نەبن و ئەم سەنگەرەمان پێ چۆڵ نەکەن.

یەکیەتییەکانی خوێندکاران، لاوان و ژنانی دێموکرات

٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣ی کوردی