
ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەشەممە، خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە بەبۆنەی ڕۆژی زمانی دایکییەوە ڕێوڕەسمێکیان لە هۆڵی مەولەویی کۆلێژی ئەدەبی ئەو زانکۆیە و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکاران بەڕێوە برد.
خوێندکاران بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و جامانە و هەورییەوە لە ڕێوڕەسمەکەدا ئامادە بوون.
بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە کاتی سروودی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڵنەستاونەتە سەر پێ و هەروەها لەکاتی قسەکردنی حامد قادرزادە بەڕێوبەری زانکۆ، بە هەڵبڕینی دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان ڕێگەیان نەداوە تا ناوبراو قسە بکات.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا خوێندکاران بە هاودەنگیی یەکتر چەند پارچە شێعرێکی نیشتمانپەروەرانە و نەتەوەییان خوێندووەتەوە.
هەروەها چەند پارچە شێعرێک لە شێعرەکانی مامۆستا جەلال مەلەکشا لەلایەن چەند بەشداربوو خوێندراوەتەوە و خوێندکارانی دیکەش بە گەرمی پێشوازییان لێ کردووە.
٢١ی فێبرییە هاوکات لەگەڵ ٢ی ڕەشەممە لە ڕۆژژمێری جیهانیدا و لەلایەن ڕێکخراوی یوونێسکۆوە، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی بەرامبەر بە فرەزمانی و فرەکولتووری وەک ڕۆژی زمانی دایکی ناودێر کراوە.