کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی عێراق: ئێران دەبێت داوای لێبوردن لە عێراق بکات

12:20 - 3 رەشەمه 2723

وەزیری دەرەوەی عێراق داوا کردووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی هێرشکردنە سەر هەولێر داوای لێبوردن بکات و بە بەڵگە نیشانی بدات کە بنکەی مووسادی کردووەتە ئامانج.

فواد حوسێن لە پەراوێزی کۆنفڕانسی ئەمنییەتیی مونیخ و لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕێکی ئێماراتی ڕایگەیاند: "عێراق خوازیاری ئەوەیە کە داوای لێبوردنی لێ بکرێت و هەروەها بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەبێت بەڵگەمان ڕادەست بکەن کە بنکەی مووسادیان کردووەتە ئامانج".

وەزیری دەرەوی عێراق زیادی کردووە "پاش هێرشەکانی ساڵی ڕابردووی سپای پاسداران بۆ سەر شارەکانی هەریمی کوردستان، بە بەرپرسانی ڕێژیمی ڕاگەیاندووە کە ئەو شتانەی ئێوە دەیڵێن بێ بنەمایە".

وەزارەتی دەرەوەی عێراق پاش هێرشی مووشەکی کۆماری ئیسلامی لە چەند نامەیەکدا بۆ شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی دەسدرێژی و پێشێلیی ئاشکرای سەروەری خاک و ئاسایشی خەڵکی عێراقە.

فواد حوسێن لەو وتووێژەدا جەختی کردووەتەوە کە عێراق دەتوانێت داواکاری دانیشتنی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت تاکوو لێکۆڵینەوە لە سەر سکاڵای ئەو وڵاتە لە ئێران بکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی بە ئاماژەدان بە چەواشەکارییەکانی ڕێژیم لە سەر کردنە ئامانجی بنکەی مووساد وتی: "بەرپرسانی ئێران هەر سوورن لە سەر چەواشەکارییە بێ بنەماکانیان و ڕەنگە ئەوە بۆ فریودانی خەڵکی خۆیان بێت و کەسیش بڕوایان پێ ناکات".

هەروەها وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە هێرشی هاوکاتی ڕێژیم بۆ سەر پاکستان کرد و لەم بارەوە وتی: "چونکە پاکستان وڵامی هێرشەکەی سپای پاسدارانی داوە، بەرپرسانی ئێران بۆ ڕۆژێک دواتری بۆ داوای لێبوردن کردن گەیشتنە پاکستان".