ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە لە عێراق و سووریە، وێڕای مەحکوومکردنی ئەو هێرشە وتی: جگە لە پەرەسەندنی گرژی و ناسەقامگیری لە ناوچەکە هیچ ئەنجامێکی دیکەی نابێت.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕێبەندان، ناسر کەنعانی ئەو هێرشانەی بە پێشێلکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق و سووریە و یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکردنی ئاشکرای میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان ناو بردووە و ئەمەی بە هەڵەیەکی ستراتێژیی دیکە لەلایەن ئەمریکاوە وەسف کردووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە مەترسییەکانی پەرەگرتنی ڕەهەند و جوغرافیای شەڕ و ململانێ لە ناوچەکەدا هۆشداریی دا و وتی: ئێران جارێکی دیکە جەخت لەسەر بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگریکردن لە هێرشە نایاسایی و تاکلایەنەکان لەلایەن ئەمریکا و پەرەپێدانی قەیرانەکان لە ناوچەکە دەکاتەوە.
مایکێل کوریلا فەرماندەی ستادی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ئەمریکا، بنکەکانی سپای قودسی لە عێراق و سووریە کردووەتە ئامانج.
ناوبراو ڕایگەیاند کە هێزەکانی سپای قودس و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە سەقامگیریی لە عێراق و سووریەیان خستووەتە هەڕەشەوە و ئەمریکا هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی خەڵکی ئەمریکا ئەنجام دەدات.
کاردانەوەی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمە لەحاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی هۆکاری سەرەکیی بشێوی و ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.
قسەکانی کەنعانی سەبارەت بە پێشێلکردنی سەروەری لە عێراق و سووریە لەحاڵێکدایە کە خودی ڕێژیمی ئێران چەندین جار بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج و لە هێرشی ئەم دواییانەشدا بۆ سەر خاک و سەروەریی باشووری کورستان و عێراق، بووە هۆی کوژرانی ٤ هاووڵاتیی سێڤیل و برینداربوونی چەند کەسی دیکەش.