کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: قەدەغەکردنی بەکارهێنانی فیلتێرشکەن نیشانەی ترسی ڕێژیمی ئێران لە خەڵکە

12:39 - 3 رەشەمه 2723

متیۆمیلێر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٢ ڕەشەمە، لە وتوووێژەکی ڕۆژنامەونیدا بە ئاماژەدان بە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی فیلتێر شکین لە ئێران باسی لەوە کرد کە ئەوە ترسی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خەڵک نیشان دەدات.

متیۆ میلێر لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد داخستنی ئینتێرنێت لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لەماوەی ڕابردوودا بۆتە هۆی زیانگەیاندن بە میلیاردها دۆلار بۆ ئابووری وڵات و ڕەوتی زانیاری خەڵکی کەم کردەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا وتی، پشتیوانیکردن لە ئازادی بەکارهێنانی ئینتێرنێت لە ئێران هێشتا یەکێکە لە مێحوەرە سەرەکییەکانی هەوڵەکانمان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ لەم وڵاتەدا.

دەست پێڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت لە ئێران ڕووبەڕووی سنووردارکردنی بەرفراوان دەبێتەوە و بەکارهێنەرانیش  فیلتێرشکێن یان ''وی  ‌پی ‌ان''  بەکاردەهێنن بۆ چوونە ناو ماڵپەڕەکان یان بەرنامەکان کە لەلایەن ڕێژیمەوە بلۆک کراون.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی سێشەممە ١ ڕەشەممە، محەممەد ئەمین ئاغا ئەمیری، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای سوشیال میدیا، بڕیارنامەی قەدەغەکردنی فیلتێر شکێنی ڕاگەیاند و بەکارهێنانی بە نایاسایی ناوبرد.