برایم چووکەڵی
کاتێک ئیمانی پته‌و و وره‌ی به‌رزی پێشمه‌رگه و فەرماندەری شەهید دهخهمهوە به‌ر زه‌ین و بیری لێ ده‌که‌مه‌وه، به‌لای من و خەڵکەوە ئەوانە له خۆری جیهان ڕووناکتر و بەتینترن، له زەریای بێ‌کۆتایی کاتی تۆفان به‌سامتر و له شه‌وه‌زه‌نگی دارستان به هەیبەتترن. چونکی دەیاندی هێزی زۆر و پوشتهوپهرداخی دوژمن به سەدان که‌سه‌وه کە به مۆدیرنترین چه‌کی ده‌ستی و توپ و خۆمپاره و کاتیوشا و به دڕندانه‌ترین شێوه هێرشیان بۆ دەکردی، بەڵام تۆی قارەمان و گلێنەی چاوی کورد و کوردستان قامک لەسەر پەلاپیتکەی تفەنگ وگیانلهسهردهست، به‌گژ داگیرکه‌راندا ده‌چوویەوە و هێرشت دەکرد و بەرهەڵستیان دەبوویەوە. "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەمجارە بەسەرهاتی بوێری و گیانفیدایی تۆیە کە وەک چیرۆکێک لە نەبەردی بۆ نەوەی نوێی نیشتمانەکەت دەنووسرێتەوە.
ساڵی ١٣٢٠ ئەوکاتەی ڕەزاشای ئێران بارگەوبنەی پێچایەوە و لە دەسەڵات دوور خرایەوە، محەممەد کوردنژاد لە بنەماڵەیەکی مام ناوەندی گوندی "زمێ" سەر بە شارستانی شنۆ چاوە گەشەکانی بە دنیای پڕ لە ناعەداڵەتی هەڵێنا. بە لەدایکبوونی بزەی خستە سەر لێوی بنەماڵەکەی و هەڵدانی منداڵیی لەگەڵ سەروەرییەکانی کۆمار بوو. مخابن هەلومەرجی ژیان ڕێگای نه‌دا محەممەدی ته‌مه‌ن ٦ ساڵ کە تازە پێشەوای کورد لەدار درابوو ڕوو بكاته قوتابخانه و له نێعمەتی خوێندن به‌هره‌مه‌ند بێ. بۆیە ئەو ژیانە كه ده‌بێ له مندالییەوه ڕوو له كار و كوێره‌وه‌ری بكا دەستی پێ کرد.
شەهید محەممەد لە کۆتاییەکان ساڵەکانی دەیەی ١٣٣٠ و کاتێک پۆلیسی شا پەلاماری ئەندامانی حیزبی دێموکراتی دا، ڕووی لە کوردستانی باشوور کرد. له ته‌مه‌نی ٢٠ ساڵیدا (١٣٤٠) پێوه‌ندی كرد به پارتی دێموكراتی كوردستانه‌وه و له ڕیزی ئەو حیزبەدا تێكۆشانی سیاسی خۆی ده‌ست پێ كرد و ماوه‌ی ١٤ ساڵ لە ڕیزی ئەم حیزبەدا خه‌باتی بێوچانی كرد. دواجار له‌گه‌ڵ نسكۆی شۆڕشی بارزانی له ساڵی ١٣٥٤ ئه‌ویش گه‌ڕایه‌وه لای بنه‌ماڵه‌كه‌ی و له "زمێ" جێگیر بوون.
شەهید محەممەد له ساڵه‌کانی منداڵییه‌وه وه‌ک زۆربه‌ی منداڵانی ئه‌و قۆناغە له‌گه‌ڵ یادی پێشه‌وا قازی و کۆماری کوردستان ئاشنا بوو. کاتێک ئاخونده‌کان ده‌ستیان به‌سه‌ر چاره‌نووسی گه‌لانی ئێران داگرت و وه‌یشوومه‌یان خسته وڵات و به تایبه‌تی یه‌که‌م تیری نه‌گبه‌تیی خۆیان و ڕێژیمه‌که‌یان هاویشته کوردستان، ئۆقرەی نەگرت، له دوژمن هه‌ستاوه و هات بوو به پێشمه‌رگه حیزبی دێموکراتی کوردستان و وه‌ک زۆربه‌ی قاره‌مانه‌کانی کوردستان به‌ره‌نگاری په‌لاماری دڕندانه‌ی هێزه به‌کرێگیراوه‌کانی ڕێژیم بۆوه.
شەهید محەممەد به‌رگی پیرۆزی پێشمه‌رگایه‌تی له‌به‌ر کرد و به‌ڵێنی فیداکاریی و خزمه‌ت به حیزب و نه‌ته‌وه‌که‌ی دا. ئەو شێلگیر و وه‌فادار به ڕێگای پیرۆزی خۆی هه‌نگاوی نا و ته‌نانه‌ت تاوێکیش له خه‌بات و تێکۆشان نه‌وه‌ستا. محەممەد لە ڕیزی شۆڕشدا زوو گوڵی کرد. به ئازایه‌تیی و زیره‌کی خۆی له شه‌ڕه‌کاندا ناوبانگی ده‌رکرد. ماندوویی نه‌ده‌ناسی و هه‌رچی هەیبوو، هه‌ر وه‌فا و ئه‌وینی نه‌ته‌وه به‌شخوراوه‌که‌ی بوو. شەهید محەممەد لە ماوه‌ی ١٦ ساڵ پێشمه‌رگایه‌تیی له كوردستانی عێراق و ئێران لە ده‌یان عه‌مه‌لیاتی قاره‌مانانه‌دا بەشداریی کرد کە بەشێکیان بریتی بوون لە شەڕە بەناوبانگەکانی ناوچەی شنۆ، وەک: شەڕی سێ مانگە، شەڕی نێوشاری نەغەدە، سەر ڕێگای نەغەدە-پیرانشار، گرتنی پاسگای کانی‌سپی، تێکشکاندنی ستوونی ڕێگای شنۆ- نەغەدە، گرتنی گوردانی سنجی، شەڕی بەناوبانگی ورمێ و سەرئەنجام شەڕی نێوان حەڵبێ و کوێکان کە دوایین فیداکاریی ناوبراو بوو.
شەهید محەممەد له ماوه‌یه‌كی كورتدا نیشانی دا كه ڕۆڵه‌ی ئازا و به‌جه‌رگی نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌تی. ئاماده‌ی هه‌ر چه‌شنه فیداكاری و گیانبازییەک بوو، و له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی سێ مانگه‌دا ئەرکی زۆر قورسی کەوتە سەر شان و له هەموو ئه‌رک و مهئمورییهتهكاندا ڕوسوور و سه‌ربه‌رز هاتە دەر.
ڕۆژی ٢١\١\١٣٥٩ دوژمن بە هێزیکی زۆرەوە پەلاماری بردە سەر گوندەکانی "حەڵبێ و کوێکان" لە ناوچەی سندووسی نەغەدە. کاتیک شەهید محەممەد ئاگاداری ئەو هێرشە بوو بڕیاری دا زەبرێکی گاریگەر لە دوژمن بدەن. بۆیە لەگەڵ دەستەی پێشمەرگەکان زۆر ئازایانە پێشی بە هێرشبەران گرت و ١٤ سەعات خۆڕاگری بە فەرماندەیی محەممەدی عەلی پێڕیژنە دوایین داستانی لەبیرنەکراوی بۆ نەتەوەکەی بوو. بەداخەوە لە دوایین کاتەکانی شەڕ کەوتە بەر گوللەی شەوپەرستان و گیانی لەپێناوی ئامانجەکانی نەتەوەکەی بەخشی و سەری کردە پردەبازی سەرکەوتن بۆ نەتەوەکەی.
بەرزە مەڵبەندی شنۆی ڕازاوە
جێگەی فەخرە بۆ کوڕی ئازاوە
جێگەی سەیرانە دڵە ڕندۆڵە
بەرز و ڕووسوورە تروپکی تۆڵە
کێلەشین سوورە دڵی سەر شینم
ڕادەری ژان وکوڵ و هەر شینم
دەردەخەن ژانی ژیان نامێنێ
ناو و ئاوازە سنوور نامێنێ
پێش قەتاری لەبەر ئاڵی ماڵی
باسکی زەبری لەنەیار هەڵماڵی
نووسی مێژوو کە عەلیپیرێژن
قارەمانێکی کە حەمەی پێ ئێژن
کوردنەژادانە مەکۆی شانازی
کوردنژادی بەورەی گیانبازی