هاوکات لەگەڵ قۆناغێکی نوێ لە گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا، وەزارەتی دادوەریی ئەمریکا باسی لە کردنەوەی دۆسییەکی دادوەری سەبارەت بە گەمارۆ نەوتییەکانی ئێران و هەروەها دەسبەسەرداگرتنی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ئێرانی کرد.
وەزارەتی دادوەریی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ١٣ی ڕێبەندان ڕایگەیاند کە دەستی بەسەر ٥٢٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕێژیمی ئێراندا گرتووە کە بە مەبەستی دابینکردنی بوودجەی میلیشیاکانی قاچاخ کرابوو.
بەهای نەوتە دەسبەسەرگیراوەکە ٢٥ میلیۆن دۆلارە کە لە مانگی مارسی ساڵی ٢٠٢٣ زایینیدا لە کاتی ئاڵوگۆڕی نەوتەکە لە نێوان دوو کەشتیدا لە دەریای زەرد، دەستی بەسەردا گیرابوو.
ئاڵوگۆڕی نەوت لە نێوان چەند کەشتی تاکوو دەگاتە شوێنی مەبەست یەک لە ڕێگا چارەکانی ڕێژیمی ئێرانە تاکوو بتوانێ گەمارۆ نەوتییەکان پووچەڵ بکاتەوە.
ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە دەستی بە سەر ١٠٨ میلیۆن دۆلاری دیکە لە داراییەکانی ڕێژیمدا گرتووە کە بوودجەی میلیشیاکانی پێ دابین دەکرد.
هەر لەم پێوەندییەدا وەزارەتی دادوەریی ئەمریکا چەند کۆمپانیا و کەسی لە پێوەندی لەگەڵ ئاسانکاری بۆ کڕینی نەوتی ئێران لە سووریە و چین و ڕووسیە تۆمەتبار کردووە کە مورتەزا قاسمی کوڕی ڕۆستەم قاسمی وەزیری پێشووی نەوتی کۆماری ئیسلامی یەکێک لەم کەسانەیە.
گرووپێکی تورک لە بواری وزەدا و فەرماندەیەکی سپای پاسداران و چەند کەسی دیکە کە بە کەڵکوەرگرتن لە چەند کۆمپانیای ڕواڵەتی و بەڵگەی ساختە، نەوتی گەمارۆدراوی ئێرانیان فرۆشتووە، لەم دۆسییەدا بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت.
لەلایەکی دیکەشەوە داگای فێدێراڵی ئەمریکا لە دۆسییەکی جیادا ژنێکی چینی و پیاوێکی عەمانیی بە فرۆشتنی نەوتی ئێران بە پاڵاوگەیەکی چینی، تۆمەتبار کردووە.