عەلی بداغی
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا نیزیک بە ٤٠ جار سندووقەکانی دەنگدانی لە بەردەم خەڵک بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری، مەجلسی خیبرەگانی ڕێبەری، مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و شوڕای ئیسلامیی شارودێ داناوە، بەوەش ئیزن بە خۆی دەدا ئیدیعای خاوەندارەتی لە دێموکراسی و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی بەردەوام وەک ڕوح و گیانی دێموکراسی بکات. بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکەم دیکتاتۆری و نیزامی سیاسیی ئیستبدادی نییە کە بە هەڵبژاردن بیەوێ سووروسپیاوی حوکمڕانییەکەی بکات. هەمووان چیرۆکی کەسانی وەک مەعمەر قەزافی، محەممەدڕەزا پەهلەوی، سەدام حوسێن، چائوشسکۆ و حوسنی موبارەکمان بیستووە کە هەمیشە لە هەڵبژاردنەکاندا زیاتر لە سەتا ٩٠ی دەنگەکانیان هەبوو، و دواجار بە ڕاپەڕینی هەر ئەو سەتا ٩٠ی خەڵکە دەسەڵاتەکەیان سەرەونخوون کرا. وەک چۆن لە ئێستاشدا کەسگەلی وەک بەشار ئەسەد، کیم جونگ ئون، پوتین و خامنەیی هەن کە بۆ ڕەواییدانی بەدرۆ بە دەسەڵاتەکەیان پێویستییان بە شانۆگەریی هەڵبژاردن هەیە.
پرسیار ئەوەیە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە شەرعییەتەکەی بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئەو سیستمە نەک لە خەڵک بەڵکوو لە ئاسمانەوە وەردەگرێ و بناغەکەی نەک لەسەر ویست و ئیرادەی خەڵک، بەڵکوو لەسەر کۆڵەکەی دین و یۆتۆپیای ئیدئۆلۆژیک و ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهـ چی کراوە، چ حەوجێیەکی بە هەڵبژاردنە؟ ڕوون و ئاشکرایە کە دیکتاتۆڕەکان مەبەستیان لە هەڵبژاردن نەک گۆڕانکاری و ڕێگەدان بە نەواندن و دەرکەوتنی ئیرادەی گشتیی کۆمەڵگە، بەڵکوو هێشتنەوەی خۆیان لەسەر تەختی دەسەڵات و خونکارییە. خامنەیی هەڵبژاردنەکانی بۆ ئەوە نییە دەسەڵاتەکەی لەگەڵ کەس بەش بکا، یان ڕێگە بە گۆڕانی دۆخی سیاسی وڵات بەپێی هەلومەرج و ویست و بەرژەوەندیی خەڵک بدات، بەڵکوو دەیەوێ تێلبەندەکانی دەوری دەسەڵاتەکەی خۆی قایمتر بکات. نیزارەتی ئیستسوابی، شوڕای نیگابان و کەلکوەرگرتن لە هەموو دەزگاکانی سەرکوتی وەک وەزارەتی ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنیەتی و هەواڵگرییەکانی دیکەی دەسەڵات و هەروەها دەزگای بەناو دادیشی بۆ ئەوە دەوێ هەوساری ئەو شانۆگەرییەش هەر لە دەستی خۆیدا بێت. ڕیسکی هەڵبژاردنەکان لە ساڵی ١٣٨٨ کە ڕێژیم ناچار بوو بە ساختە و دزێتی ئاکامی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندیی ناوکی دەسەڵات بەراوەژوو کاتەوە وای کردوە ڕێژیم لە هەڵبژاردنەکانی دواتردا بۆ ڕێگەگرتن لە هەرچەشە ناڕەزایەتییەکی دیکەی خەڵک و ناسەقامگیریی کەشی هەڵبژاردنەکان مۆرەکانی شانۆگەرییەکەی وەها بچنێت و ئەندازیارییەکە بە جۆرێک بێت هیچ چەشنە لەرینەوەیەکی دی لە هەیکەلی گشتیی سیستمەکەشدا ڕوو نەدات.
جیا لە بەهێزکردنی ناوکی دەسەڵات بەو "خالسسازی"یەی ڕێژیم گرتوویەتە بەر، هۆکارێکی دیکەی پێویستیی هەڵبژاردنەکان بۆ دیکتاتۆڕێکی وەک خامنەیی دەستەبەری مەشرووعییەتە. ئەگەرچی چارەنووسی هەموو دیکتاتۆرییەکان هەر ڕووخان و داڕمانە، بەڵام هەر ئەزموونەش دەریخستوە ئەو دیکتاتۆرانەی ڕێگە بە گەمەکانی هەڵبژاردن دەدەن پتر لە پێڕەکانی خۆیان کە ڕێگە بە هەڵبژاردن نادەن تەمەنی دەسەڵاتەکەیان درێژترە. هەڵبژاردن بۆ دیکتاتۆرەکان هەم دەرەتانی مانۆڕی پتر لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانیان دەداتێ و هەم لە نێوخۆ دەستیان بۆ پاوانکردنی هەموو جومگەکانی دەسەڵات و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان و سەرکوتی دژبەرانیان ئاوەڵاتر دەکات.
لە سیستمێکی دێموکراتیکدا هەڵبژاردن بە مانای دەستەبەربوونی ماف و دەرەتان و هەلومەرجی هاوبەشی، خۆپاڵاوتن و دەنگدان بۆ هەموو هاووڵاتییەکە، چونکی تاکەڕێگای بەشداری لە چارەنووسی سیاسیی خۆی و وڵاتەکەی و نواندنی ئیرادەی گشتی بۆ هەر گۆڕانکارییەک بە قازانجی کۆمەڵگە و وڵاتە. لە سیستمێکی دێموکرات و کراوەی سیاسیدا مافی هەڵبژێران و هەڵبژاردن لە هیچ هاووڵاتییەک زەوت ناکرێ و جۆری ڕەگەز، نەتەوە، ئایین و بیرکردنەوە هۆکاری ئەستاندنەوەی ئەو ماف و هاوبەشییە لە کەس نین. بەڵام لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەموو هەڵبژاردنێک ڕێک بەهۆی ئەستاندنەوەی ئەو مافە لە زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگە و ڕاست بەو هۆکارانەی باس کران بەتەواوی نادێموکراتیکە.
خۆ ئەگەر لە چەند هەڵبژاردنێکیشدا زۆرایەتیی خەڵک ملیان بۆ ئەو شانۆگەرییە ڕاکێشابێت، ئەوا بە ژیری و پێگەیشتوویی و ڕەفتار و بڕیاری سیاسیی خۆیان هەڵبژاردنەکانیان کردووەتە گۆڕەپانی بردنەژێرپرسیاری ویست و ئیرادەی ڕێژیم و بەرزکردنەوەی داخوازەکانی خۆیان. ئەم ڕەفتاری سیاسی و پێگەیشتووییە لە کوردستان بەتایبەت لە سێ دەیەی ڕابردوودا لە ئاکامی پڕۆژەکانی هەڵبژاردندا بەباشی ڕەنگیان داوەتەوە. وەک چۆن ئەو کاتانەش کە زۆرینەیەک لە دەنگدەران لە چەند هەڵبژاردنێکدا بە هەر هۆیەک بە دەنگدان بەشداری هەڵبژاردنەکان بوون، دەنگەکانیان هەڵگری مانای سیاسی و نێوەرۆکی خەباتگێڕانە لەدژی ڕێژیم بووە.
پرسیارێکی دیکەش ئەوەیە پێچەوانەی هەموو هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو کە ڕێژیم بە فرتوفێڵی جۆراوجۆر و، هەڵخڕاندنی هەستی ئایینی و بەرجستەکردنەوەی پێکدژییەکان لەلایەک و لەلایەکی دیکە بە سیاسەتی هاندان و کەمکردنەوە لە گوشار و سنووربەندییە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت بانگهێشت لە هێزە سیاسییە دژەشۆڕشەکانیش هەوڵی ڕاکێشانی پتری خەڵکی بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان دەدا، بۆچی ئێستا بۆ هەڵبژاردنەکانی ڕەشەممەی ئەمساڵ کار گەیوەتە ئەو جێیەی هەڕەشە لە خەڵک بکات و بڵێت ئەوەی بەشداری دەنگدان نەبێت دژی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامییە و لێپرسینەوەی لێ دەکرێت؟ بێگومان ئەوە پێوەندیی بە دۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی خەڵکەوە هەیە.
هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەممە لەکاتێکدا دەکرێن کە بارودۆخی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران لە خراپترین ئاستی خۆیدایە. لە ئاستی دەرەکیدا سیاسەتی قەیرانخوڵقێنیی ڕێژیم لە ناوچە و جیهان کەمترین شەرعییەتی بۆ ڕێژیم لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا نەهێشتۆتەوە و، لە ئاستی نێوخۆییشدا مودیرییەتی ناکارامە و نابەرپرسانەی ئابووریی وڵات، گەندەڵی لەڕادەبەدەری بەرپرسانی ڕێژیم و ئابڵۆقە ئابوورییەکان ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی لە لێواری هەڵدێران نیزیک کردووەتەوە. بێهیوایی خەڵک لە هێزە سیاسییەکانی نێو حاکمییەت، تێپەڕین نەک هەر لە ئیسلاحات بەڵکوو لە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامی کۆمەڵگەی لە دۆخێکدا ڕاگرتوە کە دەزانن ئەوەی چارەنووسیان دەگۆڕێ نەک سندووقەکانی دەنگدان، بەڵکوو سەرشەقام نێڵدانی کورەی خەبات و بەرەنگاربوونەوەی دژی ڕێژیمە. ڕێژیمیش بە هەستکردن بەو مەترسییە و بەپێی ئەزموونێک کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو وەری گرتوە و کاتێک دەزانێت هەتا خەڵک ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان وەرگێڕن شوێنی دیکە بۆ گەیاندنی دەنگ و ئیرادەی خۆیان هەڵدەبژێرن؛ هەموو زەرفییەت و توانای نەرمئامێری و ڕەقئامێریی خۆی لەسەر یەک داناوە -بە مەبەستی چەندلایەنە کە باس کرا- هەتا خەڵک بێنێتەوە سەر سندووقەکانی دەنگدان؛ تەنانەت ئەگەر بە هەڕەشە و چاوترسێنکردنیش بێت.
ئێستا کە لە بەرەی دەسەڵاتدا هەموو تواناکان لە خزمەتی ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانە، لە بەرەی خەڵکدا چ باسە؟ ڕەفتاری خەڵک دەرکەوتەیەکی دی لە وشیاری و پێگەیشتوویی سیاسییانە. ئەوان دەزانن کە شانۆی هەڵبژاردنەکان یەک ڕۆژە و هەتا خولێکی تر دەرگای لەسەر دادەخرێت. ئەوان دەزانن کە ئەو هەڵبژاردنانە لە بنەڕەتدا هیچ پێوەندییەکانی بە ئیرادە و ویست و داخوازەکانی ئەوانەوە نییە. ئەوان دەزانن کە هەڵبژاردنەکان نەیانتوانیوە و ناشتوانن سەرچاوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی خەڵک و وڵات بێت. ئەوان دەزانن کە هەندێ کرانەوەی کاتی لە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی لەگەڵ کچان و ژنان و باس و ڕەخنە لە دۆخی وڵات کایە بە شعوور و کەرامەتیانە و پێی تووڕەن. ئەوان دەزانن کە لە نەبوونی حیزبی سیاسیی بەرپرسیاردا کاندیداکان بەرنامە و پڕۆژەیان نییە و وادە و بەڵێنیش توورێک ناهێنێ، هەروەها نە ئەو نوێنەرانە خاوەنی ئیرادە و گۆڕانکاری لە بەرژەوەندیی خەڵکدان و نە خەڵکیش میکانیزمێکی بۆ بەدواداچوونی مافەکانی هەیە و ئەوە دەمێنێتەوە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانە کە وەڵامی ئەوەش گرتن و کوشتن و ئاگر و ئاسنە.
لە ململانێی ڕۆژی ١١ی ڕەشەمەدا سەفبەندییەکە تەواو دیارە. کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەڕای هەموو پڕۆژەکانی خۆی گوتەنی "خالسسازی" بەڵام هاوبەشیی خەڵک و بەشداریی ئەوانیشی بۆ پلانەکانی بە هەموو نرخێک پێویستن. حاکمییەتی سیاسی دەزانێت وەرسووڕانی خەڵک لە هەڵبژاردن ڕووتێکردنە لە ناڕەزایەتی و سەرهەڵدان و خۆپێشاندانەکانی سەرشەقام. دەزانێت چەندی بەشداریی خەڵک کەم بێت پتر دەبێتە هۆی تینگرتنی خەبات و ملبادانی مەدەنی. دڵنیایە و ئەزموونی کردوە کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان کەلێن و مەودای نێوان حاکمییەت و خەڵک هیندەیتر هەراوتر و شەرعییەتی سیاسیی ڕێژیم لە هاوکێشەی دیپلۆماتیکی نێودەوڵەتی و تەنانەت "مەیدان"یش ئەوەندەیتر دادەبەزێنێت. لە بەرەی خەڵکیشدا ڕوونە کە نایانهەوێ دەسەڵات بەکاریان بێنێت و گاڵتە بە فام و شعووریان بکرێت. ئەوان نایانهەوێ بە بەشداریی خۆیان لەو شۆیەدا شەرعییەت بە دەسەڵاتی نەک ناکارامە و گەندەڵ، بەڵکوو دژبە هەموو ماف و بایەخە خەباتگێڕییەکانیان بدەن.
خەڵکی ئێران بەو ئاستە لە پێگەیشتوویی گەیون ئیزن بە ئاساییسازییەکانی ڕێژیم نەدەن و دەیسەلمێننەوە کە دۆخی وڵات بۆ ڕووداوەکانی پێش بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨ و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ناگەڕێتەوە. گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاقارێکدا ڕێیان بڕیوە کە نە هاندان و ڕێخۆشکەری و نە هەڕەشە و تۆقاندنەکان کاریگەرییان لەسەر خەڵکی هەیە و نە هەندێ وردەبابەتی ناوچەیی و تایفی و دەتوانن هیوابەخشی ڕێژیم بۆ گەرمکردنی بازاڕی هەڵبژاردن بن.
خەڵکی ئێران بە هەموو جۆراوجۆرییەکانیانەوە ڕۆژی ١١ی ڕەشەممە دەیسەلمێننەوە ڕێگە نادەن دەسەڵاتی دێکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی سووکایەتی بە دێموکراسی و شعوور و کەرامەتی گەلانی ئێران بکات.