کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران زیاتر لە ٢٤٠٠ کەسی ڕاپێچی بەندیخانەکان کردووە

11:41 - 19 جۆزەردان 2726

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ترسی داڕمانی نێوخۆیی و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان، شەپۆلێکی توندوتیژی لە گرتن و تۆمەتبارکردنی هاووڵاتییانی دەست پێکردووە. لەم چوارچێوەیەدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هۆشداریی توند لەسەر مەترسیی گیانی دەسبەسەرکراوان دەدات.

وتەبێژی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم دانی بەوەدا نا، کە ٣ هەزار و ١٢١ کەس بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل" کەوتوونەتە بەر شاڵاوی ڕاوەدوونانی دادوەری و لەو ژمارەیەش ٢ هەزار و ٤٠٦ کەسیان زیندانی کراون.

ڕێژیمی تاران بە پشتبەستن بە یاسا سەرکوتکارییەکەی پاییزی ڕابردوو، تەنانەت هاووڵاتییانی بەهۆی چالاکیی ئاسایی میدیایی، ڕەخنەی سیاسی، یان هێشتنەوەی ئامێری ئینتێرنێتی "ستارلینک"ەوە، ڕووبەڕووی تۆمەتی قورسی سیخوڕی، دەسبەسەرداگرتنی مڵک و سزای سێدارە کردووەتەوە.

هاوکات "مای ساتۆ"، ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە هەمبەر ئەم شەپۆڵە کەموێنەی دەسبەسەرکردن و دەرکردنی سزای قورسی لەسێدارەدان لەژێر ناوی تۆمەتی بێبنەما دەربڕیوە.