دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هێلیکۆپتەرێکی پێشکەوتووی جۆری "ئاپاچی"ی ئەمریکای خستووەتە خوارەوە و هۆشداریی دا کە واشنگتۆن ناچارە وڵامی ئەم هێرشە بداتەوە.
ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "شەوی ڕابردوو ئێرانییەکان یەکێک لە هێلیکۆپتەرە ئاپاچییە زۆر پێشکەوتووەکانی ئێمەیان لە کاتی گەشتلێداندا بەسەر گەرووی هۆرمۆزدا خستووەتە خوارەوە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر دوو فڕۆکەوانەکە تەندروستن و بریندار نەبوون، بەڵام ئەمریکا ناچارە وڵامی ئەو هێرشە بداتەوە.
ئەم لێدوانەی ترامپ لەکاتێکدایە کە پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو هۆکاری کەوتنی ئەم هێلیکۆپتەرە لە جۆری (AH-64) لە کەناراوەکانی عومان هێشتا ڕوون نییە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
هاو کات ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردبووەوە کە هێشتا بە تەواوی دیار نییە کە ئایا ئەم هێلیکۆپتەرە بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئێرانەوە کەوتووەتە خوارەوە، یان تووشی پێشهاتی تەکنیکی بووە.