بەپێی دوایین ڕاپۆرتی شیکاریی ماڵپەڕی "ئیکۆئێران"، تێچووی دابینکردنی کەمترین پێداویستیی خۆراک بۆ خێزانێکی سێ کەسی لە مانگی بانەمەڕدا، گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٢ میلیۆن تمەن؛ ئەمەش واتە ڕێک ٩٠ لەسەدی تێکڕای مووچەی مانگانەی کرێکارێک تەنیا بۆ کڕینی نان و تێرکردنی خێزانەکەی خەرج دەبێت.
ئەم گوشارە لە کاتێکدایە کە هاوکات نرخی کەلوپەلی پێویستی پاککەرەوە و تەندروستیش لە بازاڕەکاندا، نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ لەسەد بەرز بووەتەوە و بارگرانییەکی قورسی تری هێناوەتە ئاراوە.
خێزانە کەمداهاتەکان لە کاتێکدا دەبێت ئەم باجە بدەن، کە هێشتا تێچووە سەرەکەییەکانی وەک کرێی خانوو، دەرمان، هاتوچۆ و پەروەردە لەم هاوکێشەیەدا ئەژمار نەکراون.
کارناسانی ئابووری هۆشداری دەدەن کە ئەگەر ئەم دۆخە ئاڵۆزە و شەپۆلی گرانبوونی خۆراک بەم شێوەیە بەردەوام بێت، تا مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، تەواوی دەستمایە و مووچەی مانگانەی سەرپەرشتیاری خێزانەکان، تەنیا بەشی کڕینی سەبەتەی خۆراکی سەرەتایی دەکات و هیچی تری لێ نامێنێتەوە.