سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥، لەشاری مەریوان لالۆ جافر ئەحمەدی پێشمەرگەی کۆنی حیزب بەهۆی پیری و بەساڵاچوونەوە ماڵاوایی لەژیان کرد.
کاک جافر لەو شۆڕشگێڕانەی دەڤەری هەورامان و نۆدشە بوو کە لە سەرەتای دەیەی چلی هەتاوی ئەندام و پێشمەرگەیەکی چالاکی حیزب بووە و هاوڕێ لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی دیکەی حیزب لە ساڵی ١٣٤٩ تەحویلی ڕێژیمی پاڵەوی دران و ماوەی چەندین ساڵ لە کرماشان زیندانی کران.
لالۆ جافر لەپاش ئازادبوونی لە زیندانی پاڵەوی و دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران، پەیوەستی ڕیزەکانی حیزب بووەوە و لە ساڵی ٦٥دا لەسەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە نێوخۆ و هەتا دوایین ساتی تەمەنی لەسەر بیروباوەڕە کوردانە و حیزبییەکەی بەردەوام بوو.
برای گەورەتری کاک جافر بەنێوی کاک حەیبەڵڵا ساڵی ٦٢ شەهید بوو و برایەکی دیکەیشی بەنێوی کاک محەممەد چەندین ساڵ لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە زیندانی و ئەشکەنجە دراوە.
تەرمی لالۆ جافر ئێوارەی یەکشەممە لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی مەریواندا بەخاکی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.