
سەید ئەحمەد حوسێنی
لە هەناوی ناوچەیەکی سیاکێو، لە باکووری شاری مەهاباد، دارستانێکی چڕ خۆی لە دۆڵێکی نەدیو حاشار داوە و مەزرای گوندی خڕەجۆ دەوریان داوە.
لە سەر بستووی ئەو دۆڵە کەپرێکی سابات خۆش لە چەشنی هەواری گەورەماڵی مەڕداری کوێستان، پەلێکی پێشمەرگەی هێزی پێشەوای لە ئامێز گرتووە کە ئەرکی پارێزگاری ئەم خولەی پەروەردەی کادریان لەسەر شانە.
دەیان لاوی دڵگەرم و ئازادیخواز لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانەوە هاتوون و بەشداری ئەم دەورەیەن. ئەوان لە ئەزموونی سیاسیدا شلک، بەڵام خاون بڕوان. دارەدارەی خەبات و بەگژداچوونەوە دەکەن بۆ ئەوەی پێ بگەن و پاشان ببنە سەفیری کوردایەتی و پێشمەرگەی نیشتمان. هاژەی شنەبا و خوڕەی ئاوی لە سەرچاوەوە بەرەو ئەستێر ڕێگرتوو و جریوەی مەل و خشەی سەمای گەڵای دارەکان تێکەڵ بەیەک دەبن و کشێکی سازگار و دڵگیر پێکدێنن.
یەک لە ماموستاکانی ئەم دەورەیە کە هەموو جووڵە و هەنگاوێکی، باوەربەخۆبوونی لێ دەبارێ، لە کەپری پێشمەرگەکانەوە بەرەو دەشتۆکەی خۆشکراو بۆ شوینی یانەکان دێتە خوار.
مامۆستا، شیرین بزە، کەواپاتۆڵێکی پیشمەرگانە لەبەر، "ڕادیۆ"یەکی پێنج مەوج و جانتایەکی بچووکی دەستی بەدەستەوە، دەمانچەیەکی هێمانوێن بە کەلەکەی چەپیەوە، زەردەخەنەیەکی کارتێکەر لەسەر لێوان، بە ویقار و هەیبەتێکی چیایی و پێشەنگایەتییەوە دێتە نێو بەشداران بۆ گوتنەوەی وانەی ئیمرۆ. یەکەم ڕستەی مامۆستا پاش دەسیپێکی وانەی ئەمڕۆی "خۆشحاڵم کە جارێکیتر دەگەڕێمەوە سەر پیشەکەی خۆم و وەک مامۆستا لەنێو پۆلدا خۆم دەبینمەوە."
سەرەتای مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٥٩یە. کەشێکی ترسناک بەسەر کوردستاندا زاڵە، وتووێژ بەکردەوە شکستی هێناوە و شەر لە زۆر شوێنی کوردستاندا دەست پێ کراوەتەوە. فڕۆکە شەڕکەرەکانی کۆماری ئیسلامی و هێرشی پیادە لە زیادبووندایە.
هیوا و ناهومێدی، بەرگری و خۆبەدەستەوەدان، ڕزگاریی و ژێردەستەیی لە بەرانبەر یەکدا وەستاون. ڕێگەیەکی دژوار و چەتوون و تێکۆشانیکی سەخت لە پێشە تا نەتەوەیەکی ژێردەست و شوناس لێونبوو و کەمئەزموون و نایەکگرتوو، بخرێتە سەر ڕێگای ژیانی شایان و بەرەو ڕزگاری.
مامۆستا لە هەمووان زیاتر بارودۆخی کوردستان و دەرکەوتەکانی هێرشی دەسەڵاتی تاران هەست پێ دەکات و نیگەرانە. بەڵام وەسەر خۆی ناهێنی و وەستایانە تێکهەڵکێشیکی سیاسی _ ئابووری و میژوویی کۆمەڵگەی کوردستان دەکاتە بەرکوڵی پەیامی نەتەوەبوونی کورد و شوناسی نەتەوەیی. بە ڕاوێژێکی خۆش، دەنگێکی دڵگر و شیکردنەوەیەکی لێزانانە، نێوەرۆکی باسەکان بۆ بەشداران ساکار دەکاتەوە و جار جار بە هێنانەوەی وێنەیەکی گونجاو وردە جەفەنگێکی ماقووڵ، نێوەرۆکی باسەکەی شیرینتر دەکات.
مامۆستا خاوەنی خەون و پلانی بەرزە و بۆ گەیاندنی ئەندێشە سیاسییەکانی خۆی و ڕزگاریی نەتەوەکەی بە گژ شاخێکی چڕی بەردیندا چۆتەوە و دەیەوێت بۆ تێپەرین بە نێو ئەم دەرووە ئەستەم و هەڵدێر و پڕ ڕێگر و لەمپەرەدا، داڵانی خۆڕاگریی و خەبات بۆ ڕزگاریی لێ بدات.
***
ئێوارە و سێبەر باڵیان بە سەر دارستانی نێو دۆڵەکە کیشاوە و خۆر لە پشت کێوەبەرزەکاندا خۆی حاشار داوە. وانەی ڕۆژ تەواو بووە. لە کەشێکی فینکدا مامۆستا و قوتابییەکان بە دەم حەسانەوە و باس و قسەی خۆشەوە، چاوەڕوانی "دەنگی کوردستانی ئێران"ن کە ماوەی یەکدوو حەوتوویە دامەزراوە.
شمشاڵی کوردی یەکەم تەتەری شەپۆلەکانی دەنگی کوردستانە و پاشان "ڕادیۆ" بە سەمفونیی پێنجی "گوستاڤ مالەر" - کە ئێستاش نازانم سەلیقە و پێشنیاری کێ بووە- وەک موزیکی پشتی پەیام درێژە بە بەرنامەکانی دەدات.
هاواری "ترۆمپێت"ی دەسپێکی سومفونی ماڕشی تراژیکی "مالەر" کە لەسەر ئیدەیەکی ئابستراکت داڕیژراوە و لە تەواویەتی خۆیدا بەناو کەشی گەشە و بەرەو پێشچووندا زریان ئاسا گڤەی دێت، سێبەر و تاریکی دەبرێ و بەرەو ڕووناکی دەخوشێ و دەبێتە گێڕانەوەیەکی موزیکالی بەهێز و دەگەڵ ئۆرکێستری سروشتی دۆڵەکە تێکەڵ دەبێت. گوزەری هاڕمۆنیکی "نۆتەکان" بە گەرووی ئامێرەکاندا سەربەردە و بەسەرهاتی خالەقی ئەم سەمفونیە گەردوونییە سیحراوییە، ئاوێتەی سەربردەی نەتەوەی کوردی پڕ لە هەوراز و نەشیو دەبێت و خۆ بە پەردەی گوێی گوێگر دادەات.
***
سەمفونیی "ماڕشی مەرگ"، ماڕشی تراژیکی ژیان، لە نێوان دراما و تاریکی لە لایەک و ڕووناکی و شادی لە لایەکیتر، لە ئارادایە و بەرەو پێش دەچێت و دواجار بە ئامانج دەگات و ئەوەش بێگومان بەشیکە لە باوەڕ و ستراتژیی مامۆستای خولەکە کە دەیەوێت بۆ گەیشتن بە ئامانج ئاوێتەیان بکات.
مامۆستا دەنکێک لە جگەرە "کێنت"ەکەی دەردینێ و چاوێکی ئاخنراو لە هیوا لە بەشدارانی دەورەکە دەکات و بە حورمەتەوە دەڕوانێتە پێشمەرگەکانی پارێزەری شوێنەکە. بزەیەکی پڕ لە شادی بۆ دامەزرانی "دەنگی کوردستانی ئێران" دەبیتە میوانی لێوەکانی و جگەرەکە دادەگیرسێنێ و بە هەموو تواناوە جوانیی کوردستان و دیمەنی پێشمەرگە و دۆڵی "خڕەجۆ" لە ئامێزی دڵ دەگرێت.
"خڕەجۆ" ، یەکەم دەورەی پەروەردەی کادری سیاسی و پێشتر پەروەردەی پێشمەرگە، و هەروەها " دەنگی کوردستان" سێ کوچکەی ئامرازی ئەو داڵانە بوون کە مامۆستا بۆ گەیشتن بە خۆناسین و ڕزگاری و ئازاد ژیان، ئەرکی ئەندازیارییەکەی گرتبوو ئەستۆ.
***
زیاتر لە یەک دەیە، کوردستان و شاخ و چیا و دۆڵەکانی، دەبنە سەنگەری بەرگری و هێرش و ڕابوون، و بەشدارانی ئەو دەورە و دەورەکانیتری سیاسی _ نیزامیی شۆڕش، دەبنە بەڕێوەبەر و بزوێنەری خەباتێکی سەختی بەرگریی نەتەوەیی و دەنگی کوردستانیش دەبێتە زمانحاڵ و دەنگی ڕاستوێژی ئەم خەباتە و هاوڕێی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و مامۆستاش دەستێکی لە لووتکەی شاخەوە هاڵاندووە و چاوێکی لە سەنگەری پێشمەرگە بڕیوە و گۆشەی دڵیشی بۆ دیپڵۆماسی تەرخان کردوە و لێزانانە ڕەوڕەوەی شۆڕش ڕێبەری دەکات.