کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: دوورە دیمەنی سەرکەوتنی خەڵک بەسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەموو کاتێک نزیکتر و بەرچاوترە

10:49 - 5 رەشەمه 2723

کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات لە تازەترین وتووێژی خۆیدا لەگەڵ "کوردکاناڵ" ڕایگەیاند دوورە دیمەنی سەرکەوتنی خەڵک بەسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەموو کاتێک نزیکتر و بەرچاوترە.

لەو وتووێژەدا کاک مستەفا هیجری لەپێوەندیی لەگەڵ قەیرانی ناسەقامگیریی ناوچە کە لە دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبر و هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل دەستی پێ کردوە، دەڵێ: کۆماری ئیسلامی چەقی قەیران و شەڕ و نائارامییەکانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێی باشە ئەو شەڕە لەوە زیاتر پەل نەهاوێت. چونکی ترسی لەوە هەیە ئەگەر لەوە بەرینتر بێتەوە زەبری قورس بخوا و لە ئێستادا بە هیچ جۆر ئامادەیی ئەو شەڕەی نییە و توانای نییە بیباتە پێشێ.

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەدا بە ئاماژە تێپەڕبوونی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند ڕەنگبێ تەنیا دەسکەوتێکی شۆڕشی ٥٧ ئەوە بێت خەڵکی ئێران کە حکوومەتی پاشایەتییان دیبوو، حکوومەتی ئیسلامییشیان تاقی کردوە و بەو کارەساتانەی کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکی وڵاتی هێنا دەتوانم بڵێم لەوە بەدوا ئیدی حکوومەتی ئیدئۆلۆژیک لە ئێراندا نابینین. بەڕێزیان لە درێژەدا دەڵێ ئەگەرچی بە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی هەموو خەڵکی ئێران زەرەری کردوە، بەڵام ئەو خەسارەی بەر کورد کەوتوە و قوربانیدانی خەڵکی کورد لە ڕەوتی خەبات دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زۆر زیاترە لە بەشەکانی دیکەی ئێران کە هۆکاری ئەوە ئەوە بووە کورد بەشێوەیەکی پەیگیر و بەبێ دوودڵی دژی ڕێژیم خەباتی کردوە و ئەو خەبات و تێکۆشانەی درێژە داوە. خەباتێک کە ڕۆژ بە ڕۆژی هەم ڕەهەندی ئاگایی وشیاریی پتری وەرگرتوە و هەمیش ڕادیکاڵتر بووە کە ئەوەمان لە بزووتنەوەی ژینادا دیت.

کاک مستەفا هیجری لە بەشێکی دیکەی ئەم وتووێژەدا بە ئاماژە سیاسەتی حیزب لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەمە دەڵێ: ئەو هەڵبژاردنە بەناو هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنی خەڵک نییە و، هەڵبژاردنی حکوومەتە. حکوومەت نوێنەری خۆی هەڵدەبژێرێ و نوێنەرەکانی خۆیشی لەپێشدا لە ناوەندێکی دیکە بەناوی شوڕای نیگابان هەڵبژاردوون و لە بەردەم خەڵکی دایناون هەتا خەڵک لەنێو ئەوانەدا هەڵبژێرن و هەموو ئەوانەی هەڵدەبژێردرێن نەک هەڵبژاردەی خەڵک، بەڵکوو هەڵبژاردەکانی نیزامی سیاسیین. بۆیە وەختێک هەڵبژاردنی نوێنەری خەڵک نییە خەڵکیش نابێ بەشداری بکەن. بێجگە لەوە لە بنەڕەتدا دەنگی خەڵک لەو سیستمەدا هیچ کاریگەری و شوێندانەرییەکی نییە و خەڵکیش ئەوەیان بۆ دەرکەوتوە و لەسەر ئەوە باوەڕەن کە نابێ بەشدار بن.

بەڕێزیان بە ئاماژە بە کاریگەرییەکانی جووڵانەوەی ژینا لە پێشخستنی خەبات و بەربەرەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەوە پێی داگرتەوە کە بزووتنەوەی ژینا هەم بۆ خەڵکی ئێران و هەم بۆ خەڵکی دنیای سەلماند کە تەنیا بە نەمانی ڕێژیمی ئێران ئاڵوگۆڕێک بە قازانجی خەڵک وەدی دێت. بۆیە دەگەڵ هەموو ئەو کارەساتەی بەسەر خەڵکی هاتووە و دەگەڵ ئەو هەموو ژیانە ناخۆشەی خەڵکی ئێران لە سۆنگەی کۆماری ئیسلامییەوە هەیانە؛ بەڵام لە ئێستادا دوورە دیمەنی سەرکەوتنی خەڵک بەسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا لە هەموو کاتێک نزیکترە.

(ئەم وتووێژە ئەمشەو شەممە، ٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ لە کوردکاناڵ بڵاو دەکرێتەوە)