کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکارهێنانی ژێردەریایی بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لەلایەن حوسییەکانەوە

12:00 - 5 رەشەمه 2723

عەبدولمالک حووسی ڕێبەری گرووپی ئەنساروڵڵا کە بە حوسییەکانی یەمەن ناسراون، لە وتارێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە لەمەوبەدوا بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان، لە ژێردەریایی کەڵک وەردەگرن.

حوسیەکان ڕایانگەیاندووە: بە شێوەی فەرمی بە کۆمپانییەکانی گواستنەوە و بیمەی کەشتییەکانمان ڕاگەیاندووە کە ئەو کەشتیانەی پێوەندییان بە ئیسرائیل و بریتانیا و ئەمریکاوە هەیە، پەڕینەوەیان لە دەریای عەرەب، کەنداوی عەدەن، گەرووی بابەلمەندەب و دەریای سوور قەدەغە کراوە.

عەبدولمالک حووسی جەختی کردووەتەوە کە هێرشەکانی ئەنساروڵڵا بۆ سەر کەشتییەکان و بۆ هاوخەمی و پشتیوانی لە فەلەستین کاریگەر بووە و درێژەی دەبێت.

هەر لەم پێوەندییەدا حەفتەی ڕابردوو دوو کەشتیی بارهەڵگر لە کەنداوی عەدەن و گەرووی بابولمەندەب لەلایەن حووسییەکانەوە بە مووشەک کرانە ئامانج.

هەروەها ڕۆژی پێنجەشممە سێنتکام ڕایگەیاندبوو کە ٧ مووشەک و سەکۆیەکی هەڵدانی مووشەکیان لە یەمەن کردووەتە ئامانج کە ئامادەی هێرشکردن بوون.

چەند کاتژمێر پاش هێرشەکەی ئەمریکا، حوسییەکان کەشتییەکی بازرگانییان بە مووشەک کردە ئامانج کە وێدەچێت سەر بە بریتانیا بووبێت.

سەرەڕای هێرشەکانی ئەمریکا و بریتانیا بۆ سەر بنکە و بارەگای حوسییەکان لە یەمەن، هێرشەکانی ئەم گرووپە تێرۆریستییەی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییە بارهەڵگرەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بەردەوامە.

بە هۆی هێرشی ئەم گرووپەوە زۆربەی کۆمپانییە بازرگانییە دەریاییەکان جووڵەی کەشتییەکانیان بۆ ئەو ناوچەیە ڕاگرتووە یان ناچار بوون کە کەشتییەکانیان لە ڕێگەیەکی دوورترەوە هاتوچۆ پێ بکەن کە ئەوەش دەبێتە هۆی گرانیی کاڵا و شتومەکەکانیان.