کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێ دژی ڕووسیە لە دووهەمین ساڵڕۆژی هێرشی ئەم وڵاتە بۆ سەر ئۆکراین

12:17 - 5 رەشەمه 2723

هاوکات لەگەڵ دووهەمین ساڵڕۆژی هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا بە شێوەی جیا گەمارۆی نوێیان خستە سەر ڕووسیە.

کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە ٥٠٠ کردەوەی نوێمان لە دژی کارەکانی پووتین هەیە و ڕووسیە دەبێ سەبارەت بە هێرشەکانی دەرەوەی وڵات و سەرکوتکردنی دژبەرانی خۆی باجێکی قورس بدات.

بایدن باسی لەوە کرد کە ڕەخنەگرێکی کرێملین بە ناوی ئەلکس ناوالنی لە زیندانەکانی ڕووسیە کوژرا و ڕایگەیاند دەبێ گەمارۆ بخرێتە سەر ئەو کەسانە کە لە کوشتنی ناوبراودا دەستیان هەبووە.

بڕیارە کە نزیک بە ١٠٠ کۆمپانیا و کەسی سەر بە ڕووسیە سزا بدرێن کە لە ناردنی چەک و تەقەمەنی لە کورەی باکوور بۆ ڕووسیە دەستیان هەبووە و یەکێک لەو کەسانە وەزیری بەرگریی کورەی باکوورە.

یەکیەتیی ئورووپاش بە جیا گەرمارۆی نوێ دەخاتە سەر نزیک بە ٢٠٠ کۆمپانیا و ئەو کەسانەی کە لە ناردنی چەک و کەلووپەلی سەربازی بۆ ڕووسیە دەستیان هەبووە و هەروەها دەستیان لە ڕفاندنی منداڵانی ئۆکراینی هەبووە.

یەکیەتی ئورووپا لە دەستپێکی هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین گەمارۆی خستووەتە سەر زیاتر لە ٢ هەزار کەسی سەر بە ڕووسیە و دەستوپێوەندییەکانی لە دەرەوەی ڕووسیە.

لە وڵامی ئەو گەمارۆ نوێیانە، وەزارەتی دەرەوی ڕووسیە ڕایگەیاند لیستەی ئەو کەس و سیاسەتمەدارانەی سەر بە یەکیەتی ئورووپا کە لەلایەن ڕووسیەوە قەدەغەکراون بێنە ناو خاکی ڕووسیەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زۆرتر دەبێ.