کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵسەنگاندنی تێزی دکتورای قادر وریا لەژێر ناوی "سیاسەت و پلانسازیی زمانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بۆ بواری پەروەردە"

12:21 - 5 رەشەمه 2723

تێزی خوێندکاری دوکتۆرا، قادر وریا لە بواری زمانی کوردی بە ناونیشانی "سیاسەت و پلانسازیی زمانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بۆ بواری پەروەردە" هەڵسەنگێندرا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی گفتوگۆی تێزی دوکتۆرای قادر وریا، ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە فاکەڵتیی پەروەردەی زانکۆی کۆیە بەڕێوە چوو. لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە ئامادەبوونی لێژنەی گفتوگۆ، کۆمەڵێک کەسایەتیی ئاکادیمی و هەروەها پۆلێک لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو، لێژنەی هەڵسەنگاندن ڕاوبۆچوون و تێبینیی خۆیان لەسەر تێزی دوکتۆرای قادر وریا خستەڕوو و بەڕێزیشی لەگەڵ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، شیکردنەوەی پێویستی لەسەر سەرنجەکانی لێژنەی هەڵسەنگاندن خستە ڕوو. تێزی دکتۆرای ئەم زمانەوانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن لێژنەی هەڵسەنگاندنەوە وەک خۆی و بە پلەی نایاب وەرگیرا.

تێزەکەی قادر وریا لە شەش بەش پێک‌هاتبوو کە ناونیشانی بەشەکان بریتی بوون لە: "چەمکە سەرەکییەکان و بنەما تیۆرییەکان"، "نەتەوەی بێ‌دەوڵەت و سیاسەتی زمانیی تایبەت بە پەروەردە"، ئاوڕدانەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە لە توێژینەوە زمانییەکانی ئێران"، "ڕێبازی لێکۆڵینەوە و مێتۆدۆلۆژی (کە پشتی بە ڕێبازی چۆنی و مێتۆدی شیکردنەوەی تێماتیک بەستبوو)"، "پێشکەشکردنی وەڵامەکان و لێکدانەوەیان" و "دۆزراوەکان، ئەنجامەکان، پێشنیاز و ڕاسپاردەکان"ی ئەم لێکۆڵینەوەیە.

لە بەشی کۆتایی ئەم تێزەدا، لێکۆڵەر وێرای ناوبردنی دۆزراوەکان و خستنەڕووی ئەنجامەکان،  کۆمەڵێک پێشنیاز و ڕاسپاردەی ڕووبەڕووی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، کۆمەڵە کولتوورییەکان، ئەنیستیتۆ و ناوەندەکانی تایبەت بە زمانی کوردی، دەزگا و دامەزراوەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، بەڕێوەبەرانی میدیا کوردییەکان، بەڕپرسان و مامۆستایانی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆی کوردستان، هەروەها زمانەوانان، لێکۆلەران، نووسەران و بە گشتی سەرجەمی ئەو تاک و گرووپانە کردبووکە لە ئاست مانەوە و پێشکەوتنی زمانی کوردی لە ئێران خۆیان بە ئەرکدار و بەرپرس دەزانن.

قادر وریا،  مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات ماوەی ٣٠ ساڵ لە ئاستی کۆمیتەی ناوەندی و دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتدا ئەرک و بەرپرسایەتیی جۆراوجۆری بەڕێوە بردوە و شانبەشانی زیاتر لە ٤٠ ساڵ بەڕێوەبردنی ئەرکی پێشمەرگایەتی و وێڕای نووسینی سەدان وتار و بابەتی سیاسی، نزیکەی ٢٠ کتێبی چاپکراوی نووسین و وەرگێڕانی هەیە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە لە کاک قادر وریا دەکات و سەرکەوتنی زیاتری بۆ بەئاوات دەخوازێت.