کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا چەندین بنکەی سەر بە ڕێژیمی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی لە یەمەن کردە ئامانج

12:04 - 15 رێبەندان 2723

لە دووهەمین هێرشی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە زەنجیرە هێرشێکدا بنکەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە یەمەن بۆمباران کرد.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، لە قۆناغی دووەمی وڵامدانەوەی فرە لایەنی ئەمریکا و هێرش بۆ سەر گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە، شەوی شەممە ١٤ی ڕێبەندان لە ٣٦ی هێرشی ئاسمانی، ١٣ بنکەی سەر بە ڕێژیمی ئێران و گرووپی حوسییەکان لە سەنعای پێیتەختی یەمەن کرانە ئامانج.

میدیاکانی سەر بە حوسییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردەوە، شەوی شەممە، هێرشەکانی ئەمریکا و بریتانیا هەردوو ناوچەی "ئەلنەهدین" و "عەتان"یان لە باشووری پێیتەختی یەمەن کردە ئامانج.

جێگەی ئاماژەیە کە شەوی هەینی و لە قۆناغی یەکەمدا، ئەمریکا زیاتر لە ٨٥ بنکەی سەر بە سپای پاسداران و گرووپە میلیشیاکان لە سووریە و عێراقی کردە ئامانج و بەپێی زانیارییەکان نزیکەی ٤٠ کەس لەو هێرشانەدا کوژران.