کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی حوسییەکان لە دەریای سوور ژینگەشی خستووەتە مەترسییەوە

12:49 - 5 رەشەمه 2723

ڕۆژی هەینی ٤ی ڕەشەمە، بارەگای سەرەکیی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا "سێنتکام"  ڕایگەیاند کە بە هۆی هێرشە سەرەڕۆیانەکانی گرووپی تێرۆریستیی حوسییەکان لە حەفتەی ڕابردوودا بۆ سەر کەشتییەکی بریتانیایی خەسارێکی زۆر بە ژینگەی دەریای سوور گەیشتووە.

سێنتکام ڕایگەیاندووە کە بە هۆی ڕژانی سووتەمەنیی ئەو کەشتییە، نزیک بە ٣٠ کیلۆمەتر ئاوی دەریای سوور پیس بووە و هەروەها نزیک ٤٠ هەزار تۆن کوودی شیمیایی کە باری ئەو کەشتییە بووە ڕژاوەتە نێو ئاوی دەریای سوور.

لەوبارەیەوە سێنتکام زیادی کرد کە هێرشەکانی حوسییەکان بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا سەرەڕای پیسبوونی ژینگە، کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر بازرگانیی جیهانی، پیشەی ماسیگرتن و سووڕی کەلوپەلی خواردن داناوە.

هەروەها بە هۆی هێرشی ئەو گرووپە، ڕێرەوی هاتوچۆکردنی کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداوی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن تێک چووە و لە ئێستادا کەشتییەکان ناچارن ڕێگەی هاتووچۆیان بگۆڕن و بەرەو لای ئافریقا بچن.

گرووپی حوسییەکان ڕۆژی سێشەممە دوای وەئەستۆگرتنی هێرشەکانی ڕایگەیاند کە لەمەودوا سەرەڕای هێرشکردن بە مووشەک و پەهپاد لە ژێردەریاییش بۆ هێرشەکانی کەڵک وەردەگرێ.