کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم ناردنی چەکوچۆڵی بۆ حیزبوڵڵا چڕتر کردووەتەوە

17:39 - 5 رەشەمه 2723

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداری داوە کە پاش دەسپێکی شەڕی غەززە، ڕێژیمی ئێران ناردنی چەکوچۆڵی بۆ حیزبوڵڵای لوبنان زیاتر کردووە و ئەگەر شۆرای ئەمنییەت لەم بوارەدا کاردانەوەی نەبێت، ئیسرائیل بۆ بەرگری لە خۆی هەوڵی پێویست ئەدات.

بە وتەی کاتس، ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە لە نامەیەک بۆ شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووکان جەختی کردووەتەوە کە چاوەڕوانیی ئیسرائیل بەرەو کۆتایی دەچێت و ئەو وڵاتە مافی بەرگری لە خاک و هاووڵاتییانی خۆی هەیە.

کاتس ڕایگەیاندووە لەو نامەیەدا ڕێژیمی ئێران بە پێشێلکردنی ٣ بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە حیزبوڵڵا و چەکە ئەتۆمی و کۆمەڵکوژەکان تۆمەتبار کراوە.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل زیادی کردووە  کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی سنوورەکانی سووریە و هەروەها بە ئاسمان و دەریادا ناردنی چەکوچۆڵی بۆ حیزبوڵڵا زیاد کردووە.

ناوبراو لە هەژماری "ئیکس"ی خۆیدا نووسیویەتی: ئێران سەری مارەکەیە و ئێمە بۆ چارەسەری دیپلۆماتیک زۆر چاوەڕێ ناکەین و ئەگەر شۆرای ئەمنییەت پاش نامەکەمان پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانی نەکات، بۆ هیچ هەوڵێک گومان ناکەین.

کاتس جەختی کردووەتەوە کە لە نامەکەدا داوا لە شۆرای ئەمنییەت کراوە تاکوو دەوڵەتی لوبنان ئەرکدار بکات کە پێبەندییەکانی بەڕێوە ببات و پێش بە ئەنجامی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل لە خاکەکەیەوە بگرێت.