کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک گرینگی بە بانگەشەکانی ڕێژیم بۆ شانۆی هەڵبژاردنەکان نادەن

17:49 - 5 رەشەمه 2723

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێژیم بۆ بەڕێوەبردنی شانۆی هەڵبژاردنەکان، خەڵک لە شارەکانی کوردستان هیچ پێشوازییەک لە هەوڵەکانی ڕێژیم ناکەن.

بەپێی زانیارییەکان لە شاری سەقز، خەڵک بە هیچ شێوازێک ئامادەی بەشداریکردن لە خولی نوێێ هەڵبژارنەکانی ڕێژیم نین و ڕێژم سەرەڕای هەوڵەکانی خۆی نەیتوانیوە هیچ قەرەباڵغییەک لەم پێوەندییەدا لەنێو شاردا دروست بکات.

دێهاتەکانی شاری سەقز لە ناوچەکانی تیلەکۆ، سەرشیو، خوڕخوڕە، گەورک و فەیزوڵابەگی هاوشێوەی نێوشاری سەقز هیچ مەیلێکیان بۆ گوێگرتن لە بانگەشەکانی هەڵبژاردن نییە و بڵاوکردنەوەی وێنە و پوستێر و ڕێکخستنی کاروانی ماشین بە شوێن بەربژێرەکاندا، لە کەمترین ئاستی خۆیدایە .

ژمارەیەکی بەرچاو لە دووکاندانی سەقز، تەنانەت بە پارەیەکی زۆریش ئامادە نین دووکانەکانیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بە مۆرەکانی ڕێژیم بە کرێ بدەن.

بەشێکی بەرچاو لە خۆفرۆشان و مۆرەکانی ڕێژیم لەو ڕاستییە تێگەیشتوون کە ئەگەر بە زەقی پاڵپشتی ئەو بەربژێرانە بکەن، دەکەونە بەر ڕق و قینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە .

هەر لەم پێوەندییەدا لە شاری سنەش، هیچ دەنگوباسێک لە بەشداریی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمدا نییە و خەڵک لەمبارەوە تەنانەت پشتیوانی لە خزم و دۆستانی بەربژێرکراوی خۆیان ناکەن.

کۆی گشتی هەڵسوکەوتی خەڵک سەبارەت بە شانۆی هەڵبژاردنەکان و بەربژێرەکان وای کردووە کە هەڵبژاردنەکان وەک شتێکی عەیبە و شوورەیی چاویان لێ بکرێت.