کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: دوورە دیمەنی سەرکەوتنی خەڵک بەسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەموو کاتێک نزیکتر و بەرچاوترە

22:18 - 5 رەشەمه 2723

مستەفا هیجری: دوورە دیمەنی سەرکەوتنی خەڵک بەسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەموو کاتێک نزیکتر و بەرچاوترە

 

دیمانە: عەلی بداغی

ئاماژە: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵدا چل‌وپێنجەمین ساڵی دەسەڵاتدارەتیی خۆی بەڕێوە برد و دەیهەوێ لە ١١ی ڕەشەمەدا بە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و مەجلیسی خیبرەگانی ڕێبەری هەم ڕەواییەتی درۆیین بۆ خۆی وەرگرێتەوە، هەم بە ئەندازیاریی ئەم دوو ناوەندە حکوومەتییە بناغەی دەسەڵاتەکەی قایم بکات. لەگەڵ قەیرانە نێوخۆییە کەڵەکەبووەکان کۆماری ئیسلامی لە ناسەقامگیرییەکانی ناوچەدا بە سەری مارەکە دادەنرێ و پتر لە هەر کاتێک قەیرانخوڵقێنییەکانی ئەم ڕێژیمە ناوچەی بەرەوڕووی بشێوی و شەڕ کردوەتەوە. هەڵسەنگاندنی ئەو دۆخە لە ڕوانگەی حیزبی دێموکرات، ڕۆژەڤی سیاسیی ئێران و کوردستان و دوورەدیمەنی خەبات و بەربەرەکانیی خەڵکی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی چەند تەوەری وتووێژی "کوردکاناڵ" لەگەڵ کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون.

کاک مستەفای بەڕێز خوێندنەوەی حیزبی دێموکرات بۆ دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەت لە دوای ڕووداوەکەی ٧ی ئۆکتۆبەرەوە چییە؟ ئێران لەکوێی ئەو هاوکێشانەدایە و کارتێکەریی ئەو دۆخە لەسەر پرسی کورد بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆنە و چ دەبێت؟

ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەمێژ ساڵە پڕاوپڕە لە کێشە و ناتەبایی، کێشەی تایفی، ئایینی، گەندەڵی، سەرەڕۆیی سیاسی و هەموو ئەو دیاردانەی لەدژی قازانج و بەرژەوەندیی دانیشتووانەکانی ئەو ناوچەیە بەردەوامە. لە دوای ٧ی ئۆکتۆبرەوە کە بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل و تۆڵەکردنەوەی ئیسڕائیل دەستی پێکرد و دەبینین ئێستا گەیشتۆتە کارەساتێکی مرۆڤی؛ وڵاتانی ناوچە زۆر نیگەرانن لەو وەزعەی هاتووەتە پێشێ. لە ڕاستیدا کۆمەڵگەی جیهانی دەیەوێ شەڕەکە کۆتایی پێ بێ و ئیسڕائیل لە تەنیشت وڵاتێکی فەلەستینی بەڕەسمی بناسرێ و دوولایەن بتوانن بەئارامی و بەئاشتی لە دراوسێیەتیی یەکتریدا بژی، بەڵام هۆکار زۆرن بۆ ئەوەی ئەو ڕێگاچارەیە سەر نەگرێ کە لەپێش هەمووماندا کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. چونکە کۆماری ئیسلامی بەئاشکرا دەڵێ ئیسڕائیل وڵاتێکی جەعلییە و دەبێ تێکەوەپێچرێ. بێجگە لەوە حەماس کە یەکێک لە دەست‌پەروەردەکانی ڕێژیمی ئێرانە و چەک و پارە و ئیمکاناتی لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە بۆ دابین دەکرێ، ئەوانیش لەو باوەڕەدان کە دەبێ ئیسڕائیل لەبەین بچێت. بۆیە لە واقعدا زەمینەی ئەوەیکە وڵاتێکی سەربەخۆی فەلەستینی لە تەنیشتی ئیسڕائیل پێک بێت بۆ ئەوەیکە ئەو کێشانە بۆ هەمیشە کۆتاییان پێ بێت دوورەدیمەنێکی زۆر نزیک نییە، بەتایبەت ئەگەر دیققەتمان کردبێ ئێستا لە ئیسڕائیلیش بۆ خۆی حکوومەتێکی ئێستا دەستی ڕاستی لەسەر کارە و ئەوانیش بەهیچ جۆر هەتا ئێستا ئامادە نەبوون خۆیان لەو ڕێگەچارەیە بدەن. کەوابوو هۆکار بۆ ئەوەیکە ئەو شەڕە درێژتر بکێشێت و لە شکڵی جۆراوجۆردا بەردەوم بێت زۆرن. ئەوەش کە ئێران لەکۆیی ئەو هاوکێشەیەدایە دەتوانم بڵێم ئێران چەقی کێشەکانە. چونکە مەسەلەی ئیسڕائیل و لەبەینبردنی دەوڵەتی ئیسڕائیل یەکێک لە ئیدئۆلۆژییەکانی ڕێژیمە و ئەو گرووپە نیابەتییانەش کە پێکیان هێناوە و ساڵانێکی زۆرە تەیاریان دەکات، وەک حیزبوڵڵای لوبنان، حەماس، حوسییەکانی یەمەن، ئەوانیش ئێستا بە شێوەیەک لە شەڕەکەدا لە دژی ئیسڕائیل بەشدارن. دوای چەندین مانگ لەو شەڕە دەبینین هەتا ئێستا هێزەکانی ئیسڕائیل ژماریەکی بەرچاویان کوژراون، بە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی غەزە تێداچوون و یەکجار زۆر برینداری شەڕ هەیە و وڵاتێک کە وێران بووە؛ بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاستیدا بێجگە لە چەند کەسێک لە فەرماندەکانی کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە کوژراون زەرەرێکی دیکەی ئەوتۆی نەکردوە؛ بۆیە کۆماری ئیسلامی هەتا بەرژەوەندییەکانی بخوازێت ئەوە شەڕە درێژ دەکاتەوە.

 کەم نین ئەو ستراتیژیست و چاودێرە سیاسییانەی پێیان وایە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەرەوە نەزمی جیهانی و نەخشەی سیاسیی وڵاتان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک چەقی ئەو ڕووداوانە لە بەردەم ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی‌دایە. بەڕێزتان ئەمە بە دەرفەت بۆ پرسی کورد، بەتایبەت کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەبینن یان هەڕەشە؟

لە سەرەتادا کە شەڕەکە دەستی پێکرد ئەو گومانە بەهێز بوو کە گۆڕانکارییەکی قووڵ بەڕێوەیە، بەڵام ئێستا کە ماوەیەکی نزیک بە پێنج مانگ لەو شەڕە تێ‌دەپەڕێ ئەوەیکە هەم بە قسە و هەم بە کرداری کۆماری ئیسلامی و لە خودی ئیسڕائیل و لە ئەمریکا کە پشتیوانی یەکەمە بۆ ئیسڕائیل لە هەمووی ئەوانە بیستوومانە و دیتومانە هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی شەڕەکە بەربڵاوتر نەبێتەوە و وڵاتانی دیکەی تێوە نەگلێن. ئەوەش کە لە حەماس، حوسییەکان، یا هێندێک لە هێزەکانی نیابەتی کۆماری ئیسلامی لە عێراق بەشدارییەکی کەمیان بە هاویشتنی درۆن و مووشەک کردوە، بەڵام ئەوانە هیچ‌کام هۆکار نین بۆ ئەوەی شەڕەکە بەربەرینتر بێتەوە؛ چونکە کۆماری ئیسلامی ترسی لەوە هەیە ئەگەر لەوە بەرینتر بێتەوە زەبری قورس بخوا و لە ئێستادا بە هیچ جۆر ئامادەیی ئەو شەڕەی نییە و توانای نییە بیباتە پێشێ. هەڵبەت بۆ ئیسڕائیلیش کارێکی بەزەحمەتە کە لەوە زیاتر ئەو شەڕە درێژ بێتەوە، هێزەکانی زۆر ماندوون و حەولەکە ئەوەیە هەر بەو شکڵە بمێنێتەوە. تەنانەت دەگوترێ کە لەوانەیە لە مانگی ڕەمەزاندا شەڕەکە کۆتایی پێ بێ، بەڵام دەبێ چاوەڕوان بین بزانین ئایا ئیسڕائیل لەو شەڕەدا چەندە بەو مەرجانەی دایناوە پێی دەگات. بەڵام بەگشتی لام وایە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ئەو شەڕە بە شێوەیەک کە وڵاتی ئێرانی بەتەواوی تێوەگلێ و ئیسڕائیل بەرەیەکی فراوانتر لەو شەڕەدا بکاتەوە بەزەحمەتی دەبینم.

کاک مستەفا چەند ڕۆژ لەوەپێش کۆماری ئیسلامیی ئێران ٤٥ ساڵەی دەسەڵاتدارەتیی خۆی تێپەڕ کرد. لەو پێوەندییەدا پرسیار دەکەم دەستکەوتەکان و خەسارەکانی شۆڕشی ٥٧ بۆ خەڵکی ئێران چی بوون؟

ئەمن پێم وابێ دەسکەوتێک نییە هەتا قسە لێ بکەین، بەڵام خەسارەکانی بێسنوورە. بەشێک لەو قەیران و خەسارانەش کە دەیبینین هێشتا ئەوە ترووپکی کێوە سەهۆڵەکەیە و ئەوەی دیکە دیار نییە و تەنانەت ڕەنگە هەتا ڕووخانی ڕێژیمیش نە بۆ خەڵکی ئێران و نە بۆ دنیا دەرنەکەوێ کە ڕەهەندەکانی ئەو خەسارەتە کە لە باری ژینگەیی و مرۆییەوە لە ئێران کەوتووە چەندە زۆر و گەورەیە. لە باری دەستکەوتیشەوە ئەو شۆڕشە نەک هەر دەستکەوتی نەبووە بەڵکوو ئەگەر پێشتر خەڵکی ئێران لە سەردەمی حەمەڕەزاشادا بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان توانیبوویان هێندێک ماف و دەسکەوت بەدەست بێنن، ئەو دەسکەوت و مافانەشیان لە دەست چوو. بۆ نموونە لە بابەت مافەکانی ژنان، کەمایەتییە ئایینییەکان و لە زۆر بواری کۆمەڵایەتیدا کە کۆماری ئیسلامی هەموو ئەوانەشی لە چەنگی خەڵک دەرهێنایەوە.

ئەدی جەنابت قەبووڵتە کە بڵێین ڕەنگبێ تەنیا دەستکەوتی ئەم شۆڕشە ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایەتی بوو، بەڵام بە ئامانجەکانی شۆڕش کە دابینبوونی کۆمەڵێک ماف بوو نەگەیشت؟

ئەمن بەشبەحاڵی خۆم ناو و عینوانی حکوومەتەکانم زۆر بۆ مۆهیم نییە، گرینگ نێوەڕۆکەکەیەتی. حکوومەتی پاشایەتیی دەتوانێ دێموکراتیک یان دیکتاتۆری بێت، ئەمە هەر ئێستاش لە زۆر وڵاتی دنیادا دەیبینین. بۆیە جمهووریش هەر بەو شکڵەیە. کۆماری ئیسلامی خۆی بە حکوومەتێکی جمهووری دەزانێ بەڵام هیچ نیشانەیەک لە جمهوورییەت، لە ئیرادەی خەڵک و هاوبەشیی خەڵک لەو حکوومەتەدا نابینی. بۆیە تەنیا ئەوە کە حکوومەتی شا ڕووخا و حکوومەتێکی بەناو کۆماری جێی گرتەوە ئەوە بە دەستکەوت نازانم. ڕاستە ڕێژیمی پەهلەوی ئازادییەکانی بەرتەسک کردبۆوە و ئازادیخوازانی سەرکوت دەکرد و بەڕاستی خەڵکی ئێران هەڵەی نەکرد لەوەدا کە شۆڕشی کرد، بەڵام مەبەست لە ڕووخاندنی ڕێژیمی پەهلەوی ئەوە نەبوو حکوومەتێکی وەکوو ئەوەی ئێستا بێنێتە سەر کار. خۆ ئەگەر دوای سەرکەوتنی شۆڕش قەبووڵ کرا حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ببێتە شێوەی حکوومەتداری، ڕاستییەکەی ئەوە بوو هیچ کەس تەجرووبەی لەوە نەبوو. ڕەنگبێ تەنیا دەسکەوتێک لەو شۆڕشەدا ئەوە بێت خەڵکی ئێران کە حکوومەتی پاشایەتییان دیتبوو، حکوومەتی ئیسلامییشیان تاقی کردوە و دەتوانم بڵێم لەوە بەدوا ئیدی حکوومەتی ئیدئۆلۆژیک لە ئێراندا نابینین.

پشکی کورد لە ئێران لە ٤٥ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا چی بووە؟

لە ڕاستیدا بە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی هەموو خەڵکی ئێران زەرەری کردوە، بەڵام ئەو خەسارەی بەر کورد کەوتوە و قوربانیدانی خەڵکی کورد لە ڕەوتی خەبات دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زۆر زیاترە لە بەشەکانی دیکەی ئێران. بۆ نموونە تەنیا لە یەک‌ساڵەی بزووتنەوەی ژینادا لانی‌کەم ٤٩٧ کەس لە خۆپێشاندانەکاندا کوژران کە ١٤٨ کەسیان کورد بوون کە ئەو ژمارەیە لە کوژراوانی کورد بە لەبەرچاوگرتنی حەشیمەتی کورد لە ئێران ئامارێکی یەکجار زۆرە. لە گرتن و ئەشکەنجەدان و سەرکوتی خەڵک، بێبەشکردنیان لە بوودجەی گشتی، دواخستنی کوردستان لە ئاوەدانی و پەرەسەندنی ئابووری، لەو جیاوازیدانانەی زۆر بەئاشکرا نەک هەر ئەوانەی لە قانوونی ئەساسیدا بەڕەسمی کراون بەڵکوو لەوەش زیاتر کە بە نایاساییش جیاوازی دادەنرێ لەنێوان کورد و نەتەوەکانی دیکە؛ بەپێی زۆر فاکتەر کورد لە زیان و خەسارەکانی هاتنەسەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی زیاترین بەشی بەرکەوتوە و کورد گوتەنی پشکی شێری پێ بڕاوە. هەڵبەت هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگێڕمەوە کە لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ کورد بەشێوەیەکی پەیگیر و بەبێ دوودڵی دژی ڕێژیم خەباتی کردوە و ئەو خەبات و تێکۆشانەی درێژە داوە. لەبیرمانە سەردەمانێک هێندێک لە خەڵکی ئێران وێنەی خۆمەینیان لە مانگدا دەدیت و تەقەددۆسێکی ئاسمانییان پێ دابوو و بەو جۆرەی ڕاگەیەندرا لە ڕێفڕاندۆمەکەدا سەتا ٩٨ی خەڵکی ئێران دەنگیان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دا. بەڵام کورد دەنگی بەو ڕێژیمە نەدا و سەنگەری خەباتی هەڵبژارد، چونکی دەیزانی ڕێژیمێکی بەو نێوەرۆکە ناتوانێ ئازادیی گەلانی ئێران و مافە ئینسانییەکانیان دابین بکا. بۆیە لە خەباتی خۆی بەردەوام بووە و ڕۆژ بە ڕۆژیش ئەو خەباتە هەم ڕەهەندی ئاگایی و وشیاریی پتری وەرگرتوە و هەمیش ڕادیکاڵتر بووە کە ئەوەمان لە بزووتنەوەی ژینادا دیت.

لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شوڕا و مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری بەڕێوە دەبات. گرینگیی ئەم هەڵبژاردنانە بۆ کۆماری ئیسلامی لە چیدایە؟  ئایا ئەوەندەی ئەو هەڵبژاردنانە بۆ ڕێژیم گرینگە بۆ خەڵک مەوزووعییەتی هەیە؟

نەخێر ئەو هەڵبژاردانانە بۆ خەڵک گرینگ نییە، چونکە ئێستا ئیدی کەلێنی نێوان ڕێژیم و خەڵک زۆر گەورە بووەتەوە حاڵەتێکی وا هاتۆتە پێشێ هەرچی لە قازانج و بەرژەوەندیی ڕێژیم بێت ئەوە لەدژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێرانە و پێچەوانەکەشی هەر وایە. ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدا شانۆیەکی هەڵبژاردن بەڕێوە ببات لە واقعدا تەنها بۆ پاراستنی شکڵی ئەوەی کە ناوی ناوە جمهووری بۆ ئەوەیەتی و دەیهەوێ بەتایبەت بە کۆمەڵگەی جیهانی بڵێ لە ئێران هەڵبژاردن دەکرێ و خەڵک نوێنەرانی خۆیان هەڵدەبژێردرێن و ڕێژیمەکە پشتیوانیی خەڵکی لەپشتە. دەیهەوێ کۆمەڵێک خەڵک لەسەر سەندووقەکانی دەنگدان کۆ ببنەوە تەنیا بۆ ئەوەی لە چاوی کامێراکانەوە پێشانی بدا خەڵک ڕەوایی بەو حکوومەتە دەدەن و تێیدا بەشدارن. دەنا بەپێی ئایدۆلۆژیی دینیی خۆیان ئەمە حکوومەتێکی ئاسمانییە لەسەر کارە  و خەڵک تەنیا وەزیفەیانە ئیتاعەت بکەن. ئەو دامودەزگایانەش دایانمەزراندونە کە یەک لەوان مەجلیسە، لە واقعدا فەقەت بۆ ئەوەیە ڕەسمییەت بدا بەو بڕیارانەی لە سەرەوەی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی دەدرێن، بەتایبەتی لەلایەن شەخسی وەلیی فەقیهەوە. تەنیا بۆ ئەوەی بڕیارەکانی ئەوان لایەنی قانوونی پێ بدرێت و بەسەر خەڵکیدا بسەپێندرێ. کەوابوو ئەو هەڵبژاردنانە بەناو هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنی خەڵک نییە، هەڵبژاردنی حکوومەتە. حکوومەت نوێنەری خۆی هەڵدەبژێرێ و نوێنەرەکانی خۆیشی لەپێشدا لە ناوەندێکی دیکە بەناوی شوڕای نیگابان هەڵبژاردون و لە بەردەم خەڵکی دایناون هەتا خەڵک لەنێو ئەوانەدا هەڵبژێرن و هەموو ئەوانەی هەڵدەبژێردرێن نەک هەڵبژاردەی خەڵک، بەڵکوو هەڵبژاردەکانی نیزامی سیاسیین. لەلایەکی دیکەشەوە بەرپرسانی سەرەوەی کۆماری ئیسلامی قەتیان نەشاردۆتەوە بۆ ئەوان دەنگی خەڵک ئەهەمییەتێکی نییە. لەبیرمانە ماوەیەک لەوە پێش کە باسی ڕێفراندۆم هاتبووە گۆڕێ، خامنەیی بەئاشکرا لە دانیشتنێکدا ڕایگەیاند بۆ مەگەر خەڵکی ئێران ئەوەندەیان تێگەیشتن و لێکدانەوە هەیە بێن لە ڕێفراندۆمدا بەشدار بن؟ پێشتریش بۆ نموونە کاتێک ئەحمەدی‌نژاد بۆ دەورەی دووهەم بە ساختەچێتی لە پۆستەکەی داندرایەوە و خەڵک هاتنەسەر شەقام، بە خەڵکەکە گوترا "خەس و خاشاک"!

بەکورتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ ئیحتیاجێکی بە دەنگی خەڵک نییە، چونکە باوەڕیان وایە هەڵبژاردەی ئاسمانن و خەڵک فەقەت دەبێ ئیتاعەت بکەن، بۆیە خەڵک نابێ  لەو هەڵبژاردنانەدا بەشدار بن، چونکە ئەگەر بەشدار بن خزمەتیان بە بەرەوپێشچوونی ئەو ئیدئۆلۆژییە کردوە و تەمەنی ئەو کارەساتانەیان درێژ کردووە کە تاکوو ئێستا هەر لەژێر چاوەدێری ئەو جۆرە مەجلیس و ئەو شوڕای نیگابان و باقی دامودەزگاکاندا ڕوویان داوە. دیارە ئەوەش هەیە کە ئەم هەڵبژاردنانە بۆ ڕێژیم لە باری ئەوەی خەڵک زۆرتر بتوانن بەشدار بن لە هەڵبژاردنەکانی پێشووش گرینگترە. چونکە لەلایەکەوە لە بزووتنەوەی ژیناوە خەڵک بەتەواوی ڕووی قسەیان خستە سەر ناوەندیی بڕیار لە ئێران کە خامنەییان مەبەست بوو و دروشمی ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان دا. بۆیە بۆ کۆماری ئیسلامی گرینگە ئێستا بە شێوەیەک بیسەلمێنێ مەشڕوعییەت و ڕەوایی دەسەڵاتەکەی هەر لەجێی خۆیەتی و لەوەش بەتەواوی دەترسن و دەزانن کە بەشداریی خەڵک یەکجار لانیکەمی دەبێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستان هەڵبژاردنەکانی بایکۆت کردوە؟ بۆچی پێتان وایە بەتایبەت خەڵکی کوردستان نابێ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن؟

هەر وەک پێشتریش باسم کرد ئەم هەڵبژاردنانە هەڵبژاردنی نوێنەرانی خەڵک نین، بەڵکوو هەڵبژاردنی کەسانێکن کە لە مەجلیسدا بڕیارەکانی ڕێژیم بەسەر خەڵکدا بسەپێنن. بۆیە وەختێک هەڵبژاردنی نوێنەری خەڵک نییە خەڵکیش نابێ بەشداری بکەن. بێجگە لەوە لە بنەڕەتدا دەنگی خەڵک لەو سیستمەدا هیچ کاریگەری و شوێندانەرییەکی نییە و خەڵکیش ئەوەیان بۆ دەرکەوتوە و لەسەر ئەوە باوەڕەن کە نابێ بەشدار بن. بۆیە خەڵک نابێ بەشداری ئەو دەنگدانە بن، تەنانەت ئەگەر قەرار بێت دەنگی سپیش بدەن هەر نابێ بچنە سەر سەندووقەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی نەبنە ئامرازی تەبلیغات بۆ ڕێژیم و شانۆگەرییەکەی.

کاک مستەفا ئەگەر بابەتی هەڵبژاردنەکان بەجێ بێڵین، شۆڕشی ژینا وەک خاڵگۆڕانێک لە مێژووی ناڕەزایەتییەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی چ داهاتوویەکی خستووەتە بەردەم خەڵک و حیزبە سیاسییەکان؟ خوێندنەوەی ئێوە بۆ ڕەوشی ئێستای ئێران و کوردستان بەتایبەت دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی چییە؟

دیارە هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ خەڵک هەنگاو بە هەنگاو لەو ڕێژیمە شارەزا بوون و بەرەبەرە لێی کشاونەتەوە و لێی دوور کەوتوونەوەتەوە. خۆ ئەگەر هەتا جووڵانەوەی ژیناش ژمارەی کەسانێک هەبوون کە باوەڕیان وابوو ئەو ڕێژیمە دەکرێ لە نێوخۆیدا ئیسلاح بکرێ، یان کاتێک ڕێژیم لەنێو قۆڵەکانی خۆیدا دوو جەمسەرییان ساز دەکرد بۆ ئەوەی خەڵک بکێشنە سەر سەندووقەکانی دەنگدان، یان لەو شوێنانەی پێکهاتەی حەشیمەتەکەیان لە نەتەوە جیاوازەکان بوون هیندێک بابەتی دیکەیان بۆ دنەدانی خەڵک بۆ بەشدارییان دەورووژاند، ئەمە کۆتایی هاتوە. لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا دەتوانم بڵێم ڕۆژانە لە چەندین شاری ئێران خۆپێشاندان کراوە، خەڵک لە هەموو سینفی جۆراوجۆر ناڕازین. بەڵام یەک لە تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ژینا ئەوە بوو کە بزووتنەوە خەڵکی لەو تەوەهووماتی ئیسلاح‌تەڵەبی هێنایە دەر. خەڵکی یەکدەست و یەکپارچە کرد و ئەو پەیامەی دا کە هەموو ئەو قەیران و کارەساتەی بەسەر خەڵکی ئێران هاتوە، تەنیا بە نەمانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی کۆتاییان دێت. بۆیە خەڵک ڕەئسی هێرەمەکەی کردە ئامانج و بینیمان لە جووڵانەوەی ژینادا سیمبولەکانی ڕێژیمیان هێنایە خوارێ و شکاندیانیان و ئاوریان تێبەردان. مەسەلەکە ئەوەیە ئەگەر پێش بزووتنەوەی ژینا خەڵک لە دڵی خۆیدا دژی ڕێژیم بوو بەڵام بەو سەراحەت و ڕوونییە لەسەر ڕووخانی ڕێژیم و خامنەیی قسەیان نەدەکرد؛ بەڵام لە بزووتنەوەی ژینادا ئیدی ئەو پەردانە نەمان. بزووتنەوەی ژینا هەم بۆ خەڵکی ئێران و هەم بۆ خەڵکی دنیای سەلماند کە تەنیا بە نەمانی ڕێژیمی ئێران ئاڵوگۆڕێک بە قازانجی خەڵک وەدی دێت.

کاک مستەفا خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەو فۆڕمە لە خەباتی نێوخۆی کوردستان چییە؟ ئەوەی ئێمە لە ناشتنی سێ شاخەوانەکەی نەغەدە و وەرزشکارەکەی خەڵکی سەقز بینیمان، ئەوەی ڕۆژانە لە جموجۆڵی چالاکانی سیاسی، مەدەنی و کۆمەڵایەتی دەیانبینین؟

ئەمن پێم وابێ لەگەڵ ئەوەیکە ئەو شێوە خەباتە ڕیشەدارە و پێشتریش لە نێو کوردستاندا شکڵی گرتبوو، بەڵام بزووتنەوەی ژینا ئەوەی بەهێزتر کرد بەو مانایە کە  بە خەڵکی نیشان دا خەڵک دەبێ یەکپارچە و یەکدەنگ بێ لە هەموو ڕووداوەکاندا. خەڵک بەو قەناعەتە گەیشت تەنیا خۆیەتی کە دەبێ فریای خۆی بکەوێ و پێش ئەوەی چاوی لە وڵاتانی دەرەوە بێی ڕزگاری بکەن یا هەر هێزێکی دیکە یارمەتیدەری بێت، بۆخۆی دەبێ یەکگرتوو بێت. ئێمە لەو ساڵ لە کوردستان ئەوەمان هەم لەو چەند ڕووداوەدا کە ئاماژەتان پێ کرد دیت کە پێشتریش نموونەی ئەوانەمان بۆ نموونە لە بوومەلەرزەکەی کرماشان یان ڕووداوەکانی ژینگەپارێزیدا دیتبوو. ئەمن پێم وابێ ئەوە بەنرخترین دەرس و ئەزموون بوو کە خەڵک فێری بوون ئەوە ڕێگایەکی تازەیە کە بە خەڵکی نیشان دا دەبێ لەوە بەدواش بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان ئەو ڕێگایە بەر نەدەن و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پێوەندیی نێوخۆیان بەهێزتر و بەتواناتری بکەن.

وەک کۆبەندی باسەکەمان و دواپرسیار، کاک مستەفا بفەرموون لە دۆخی ئێستا و لە فازی نوێی خەبات و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا ئەرکی خەڵک، ئەرکی ڕێکخراوەکان، ئەرکی حیزبە سیاسییەکان یان بەگشتی نەخشەڕێی خەباتی ئێستا و داهاتوومان چییە؟

هەروەک باسم کرد ئێستا دوای ٤٥ ساڵ خەبات دژی کۆماری ئیسلامی خەڵکی ئێران لەو تەوەهۆم و دوودڵی دەرهاتوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکرێ لە نێوخۆیدا ئیسلاح بکرێت یا بە قازانجی خەڵک ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت. ئێستا خەڵک یەکدەنگ دەڵێن ئەو ڕێژیمە دەبێ بڕوات و کۆماری ئیسلام بۆخۆیشی ئەو پەیامەی وەرگرتوە. بۆیە ئەوەندە ترسەی لە خەباتی خەڵک لە نێوخۆی وڵات ڕێ‌نیشتوە کە بە هەموو شێوەیەک خەریکە سەرکوتی دەکات. ئێمە دەبینین لە گرتنەکان، لە ئەشکەنجەدانەکان و جۆرەها سەرکوت کە تەنیا بە عەقڵی ناقسی کۆماری ئیسلامی دەگات کە لەگەڵ خەڵک بیکات، وەکوو ئەوەیکە لە بزووتنەوەی ژینادا دیتمان منداڵانی قوتابخانەکانی ژارخوارد دەکرد و زۆر شتی دی کە ناچمەوە سەری. مەسەلەکە ئەوەیە خەڵک ئەو ڕێگایەی گرتۆتەبەر و ئەو ڕێگەیە دەبێ درێژە بدات و نابێ کۆڵ بدات.

ئەگەر ئێستا هەموو شانازییەکی ڕێژیم بەوەیە مووشەکی هەیە و بەوە درواسێیەکانی دەترسێنێ، دەمەوێ ئەو پەیامە بە خەڵکی ئێران بەتایبەت خەڵکی خۆشەویست و تێکۆشەری کوردستان بدەم ئەوانە هیچی نیشانەی بەهێزی و بەتوانایی ڕێژیم نییە، بەڵکوو هەمووی لە ترسانە و کۆماری ئیسلامی کەوتووەتە گیانەڵڵا و دوا پەلەقاژەکانی مانی خۆی دەکات. ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بۆخۆیان زۆر باش دەزانن کە چەندە لاوازن و فەقەت لە هەمبەر خەڵکدا بە سەرکوت بەهێز دەنوێنن. چونکە ئێستا کۆماری ئیسلامی دەگەڵ هەموو ئەوەی ئیسرائیل لە غەزە لە دژی حەماس دەیکا و خەریکە یەکێک لە هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەفروتوونا دەکات، کەچی کۆماری ئیسلامی بەو حاڵەشەوە ئەو جورئەتە بە خۆی نادا بەشێوەی ڕاستەخۆ بچێتە نێو ئەو شەڕەوە. چونکی دەزانێ بەرگە ناگرێ و پشتیوانیی خەڵکی وڵاتی بۆ نەماوەتەوە، بۆیە من دەگەڵ هەموو ئەو کارەساتەی بەسەر خەڵکی هاتووە و دەگەڵ ئەو هەموو ژیانە ناخۆشەی خەڵکی ئێران لە سۆنگەی کۆماری ئیسلامییەوە هەیانە؛ بەڵام من لە ئێستادا دوورە دیمەنی سەرکەوتنی خەڵک بەسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا لە هەموو کاتێک نزیکترە.