کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی کوژراوانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە سەبارەت بە سەردانەکەی ندا ئەلنەشیف ناڕەزایەتییان دەربڕی

12:24 - 15 رێبەندان 2723

کۆمەڵێک لە بنەماڵەکانی کوژراوانی فڕۆکە ئوکراینییەکە، ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕێبەندان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە بەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاران بەڕێوە برد.

کۆبوونەوەکە لە ناڕەزایەتی بەنیسبەت سەردانەکەی ندا ئەلنەشیف جێگری کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێران بوو.

بە وتەی ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکەی  پی ئێس ٧٥٢ی ئوکراینی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە شێوەیەکی توندوتیژ و بە بێڕێزیکردن و هەڕەشە لە بنەماڵەکان، کوبوونەوەکەیان تێک داوە.

لەم کۆبوونەوەیەدا بنەماڵەی کوژراوان تەنیا وێنەی ئازیزانیانی خۆیان بە دەستەوە بووە و هێزە سەرکوتکەرەکان نەیانهێشتووە تاکوو نووسراوەیەک یان پلاکاردێک بە دەستەوە بگرن.

لەم پلاکاردانەدا وێڕای ناڕەزایەتی سەبارەت بە لەسێدارەدانەکان لە ئێران، داوایان لە ندا ئەلنەشیف جێگری کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە تاکوو لە سەردانەکەی بۆ تاران لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئوکراینیش چاوپێکەوتن بکات.

ئەم بنەماڵانە و کۆمەڵیک لە ناڕازییان پێشتر داوایان لە ئەلنەشیف کردبوو تا سەردانەکەی بۆ ئێران هەڵوەشێنێتەوە.

هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژامرەیەکی زۆر لە چالاکانی سیاسی و بەندکراوان، نووسەران و ڕووناکبیران و کەسایەتییە جیاوازەکان داوایان لە ندا ئەلنەشیف کردبوو تاکوو سەردانەکەی بۆ ئێران هەڵوەشێنێتەوە.

ئەم کەسانە هۆشدارییان دابوو کە ڕێژیمی ئیسلامی دەیهەوێت لەم سەردانەوە وەکوو ئامرازێک بەتایبەت پێش لە بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کەڵک وەربگرێت.