کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی ئازادیی کوردستان

01:08 - 6 رەشەمه 2723

ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەشەمە، شاندێکی پارتی ئازادیی کوردستان بە سەرپەرستیی كاک حوسێن یەزدانپەنا سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لەلایەن شاندێکی حیزبی دێموکراتەوە بە سەرپەرستیی كاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا.

لەم دیدارەدا، بارودۆخی سیاسیی کوردستان و ناوچەکە و سیناریۆ سیاسییەکان و دەرفەت و ھەڕەشەکان بەوردی خرانە بەر باس و  بە تێر و تەسەلیی گفتوگۆیان لەسەر کرا.

ھەر دوو لا پێداگر و ھاوڕابوون کە بۆ کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ھەڕەشەکان، بە گەشەپێدانی یەكڕیزی و ھاوکاریی نێوان لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەستێنی یەکڕیزییەکی دامەزراوەیی وەک زەروورەت و پێویستییەكی هەنووكەیی خەباتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە نێوان حیزبەكانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بونیاد بنێرێت.

لەو پەیوەندییەدا تیشک خرایە سەر كێشە و لەمپەرەکانی بەردەم ئەو بابەتە سیاسییە و بەوردی قسە و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا و  لەسەر مێكانیزمی گونجاو بۆ دیالۆگ و نزیكبوونەوە لەگەل لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجە پێداگری كرایەوە.

 لەو پەیوەندییەدا بارودۆخی هەنووكەیی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان جێگیر لە باشووری کوردستان و دوورە دیمەنی گۆڕانكارییە جیهانی و هەرێمییەكان و كاریگەرییان لەسەر بزاڤی ڕۆژهەلڵاتی كوردستان تاوتوێ كرا.

ھەردوولادا شانازیی خۆیان بە خۆڕاگرییو کۆڵنەدانی نەتەوەکەمان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند و بە ئاماژە بە پیلانگێڕی و گوشار و ھێرشەکانی ڕێژیمی ئێران دژی کوردستان و بزاڤە ڕزگاریخوازییەکەی، سوور بوون و کۆڵنەدانی خۆیان لە بەردەوامیی تێکۆشان لەپێناو ئازادیی کوردستان دووپات كردەوە و ئاسۆی سەرکەوتنی کورد و نەتەوەکانی ئێران و بەچۆکداھاتنی کۆماری ئیسلامییان، ڕووناک و ھیوابەخش وەسف کرد.

لە كۆتایی دیدارەكەدا پێداگری لەسەر بەھێزکردنی پێوەندییەکان و پەرەپێدانی ھاوکاریی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی ئازادیی کوردستان كرایەوە.