کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل لە ماوەی ٤ مانگدا ٥٠ جار هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی حیزبوڵڵا لە سووریە

12:26 - 15 رێبەندان 2723

ڕۆژی شەممە، ١٤ی ڕێبەندان، ئەرتەشی ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە لە دوای هێرشی گرووپی حەماس بۆ سەر ئەو وڵاتە لە ١٥ی ڕەزبەر، زیاتر لە ٥٠ جار بنکەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی لە سووریە کردووەتە ئامانج.

دانیێل هاگاری، وتەبێژی ئەرتشی ئیسرائیل ئەم هێرشانەی لە کاتێکدا ڕاگەیاند کە وڵاتەکەی هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵڵای لوبنان لە سووریە بێدەنگ ڕادەگرێت و لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاوی ناکاتەوە.

ئەم بەرپرسە باڵایەی ئیسرائیل هۆشداری دا: حیزبوڵڵا لە هەر شوێنێک بێت ئێمەش لەوێ دەبین. لە هەر شوێنێک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێویست بێت ئێمە هەنگاو دەنێین.

بە وتەی ناوبراو، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر ٣٤ هەزار ئامانجی حیزبوڵڵا لە نێوخۆی لوبنان لەوانە ١٢٠ بنکەی سنووری و ٤٠ کۆگای مووشەکی و چەکی دیکە و زیاتر لە ٤٠ ناوەندی فەرماندەیی ئەم گرووپەی سەر بە ڕێژیمی ئێران و لە ئانجامدا نزیکەی ٢٠٠ کەس کوژراون. 

دانیێل هاگاری باسی لەوەش کرد کە سێ لەشکەری ئەرتشی ئیسرائیل لە دوای هێرشی حەماس لە باشووری ئەم وڵاتە بە درێژایی سنوورەکانی باکوور لەگەڵ لوبنان بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حیزبوڵلا جێگیر کراون.

ئیسرائیل هۆشداری داوە ئەگەر حیزبوڵڵا خۆی لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم وڵاتە دوور نەخاتەوە، لەوانەیە ململانێکان لەگەڵ ئەم گرووپە بۆ ناوچەکانی دیکەی لوبنان تەشەنە بکات.