کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا و بریتانیا ١٨ پێگەی حووسییەکانیان لە یەمەن کردە ئامانج

11:22 - 6 رەشەمه 2723

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەرتەشی ئەو وڵاتە بە هاوکاریی بریتانیا و ٦ وڵاتی هاوپەیمان، ١٨ پێگەی حووسییەکانی یەمەنیان کردووەتە ئامانج.

بە دوای دەورێکی نوێ لە هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان لە دەریای سوور، ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەشەمە ئەمریکا و بریتانیا بە هاوکاریی ئوستراڵیا، بەحرەین، کانادا، دانمارک، هولەند و نیووزیلەند ١٨ پێگەی حووسییەکانیان لە ٨ شوێندا لە یەمەن بوردومان کرد.

پێنتاگۆن سەبارەت بەم ٨ شوێنە ڕایگەیاندووە لەو هێرشانەدا ژێرخانەکان و کۆگای چەکوچۆل، دڕۆنەکان، سیستمی بەرگریی ئاسمانی، ڕادارەکان و هەروەها یەک باڵەفڕی حووسییەکان کراونەتە ئامانج".

هەر لەم پێوەندییەدا کاناڵی میدیایی سەر بە حووسییەکان ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا و بریتانیا "سەنعا" پێتەختی یەمەنیان کردووەتە ئامانج و هەروەها بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعا هێرشی بۆ سەر پێتەختی یەمەن پشتڕاست کردەوەتەوە.

پاش دەسپێکی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور، ئەمە چوارەمین هێرشی ئەمریکا و بریتانیا بۆ سەر پێگەی ئەو گرووپە تێرۆریستییەی سەر بە ڕێژیمی ئێرانە.

وڵاتانی هاوپەیمان پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەم هێرشانە دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە، ئامانج لەم هێرشانە، لاوازکردن و تێکدانی توانای حووسییەکانە تاکوو نەتوانن هەڕەشەیەک بن بۆ سەر گیانی کەشتیوانە بێتاوانەکان و بازرگانیی جیهانی لە یەکێک لە گرینگترین ڕێگە ئاوییەکانی جیهان.

زۆربەی شیرکەتە بازرگانییەکان هاتوچووی کەشتییەکانیان بۆ دەریای سوور ڕاگرتووە و چاوەڕوانن تاکوو ئەمریکا و بریتانیا بتوانن بە هێرشکردنە سەر حووسییەکان و لاوازکردنیان بۆ جارێکی دیکە ئەمنییەتی دەریای سوور دابین بکەن.