کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان، چالاکیی تەبلیغی لە شنۆ بەڕێوە چوو

11:48 - 6 رەشەمه 2723

لە درێژەی هەوڵەکان بۆ بایکۆتی شانۆگەریی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێران لە ١١ی ڕەشەممە، لە شاری شنۆ و چەند گوندی دەوروبەری چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە چوو.

شەوی شەممە ٥ ڕەشەممە، تێکۆشەران و نیشتمانپەروەرانی دڵسۆز لە بەرەبەرەی بەرێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، لە شارۆچکەی نەڵۆس سەر بە شاری شنۆ بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێر، چالاکیی تەبلیغییان بۆ بایکوتی ئەو شانۆگەرییەی ڕێژیم بەڕێوە برد.

هەروەها بۆ بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنانە، ڕۆڵەکانی دڵسۆزی نیشتمان لە گوندەکانی چەپەرەئاوێ، باب خاڵاوێ، قەڵاتان و ڕێگای شنۆ بۆ پیرانشار، بە نووسینی دروشم و بڵاو کردنەوەی تراکت و پۆستێر ناڕەواییان بە هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم بەخشی.

بەپێی ئەو هەواڵانە، لە شاری شنۆ، خەڵک بە هیچ شێوازێک ئامادەی بەشداریکردن لە خولی نوێی هەڵبژارنەکانی ڕێژیم نین و ڕێژیم سەرەڕای هەوڵەکانی خۆی نەیتوانیوە هیچ قەرەباڵغییەک لەم پێوەندییەدا لەنێو شاردا دروست بکات.

تووڕەیی خەڵک لە سەرانسەری ئێران و لە کوردستان بەتایبەتی لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتوەتە ئاستێک کە خەڵک هیچ هیوایەکی بە ئاڵوگۆڕەکان نەماوە و دروشمی بایکۆتی ئەم دەورەی هەڵبژاردنی مەجلیسی ڕێژیمیان کردۆتە ئەرکی سەرەکیی خۆیان.