کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ لە ئیلام ٧ کەس گیانیان لەدەست دا و ١٣ کەسیش بریندار بوون

12:39 - 6 رەشەمه 2723

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە پارێزگای ئیلام بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ ٧ هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا و ١٣ کەسیش بریندار بوون.

ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەشەمە، ناوەندی مانگی سووری پارێزگای ئیلام ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی شەممەدا بەهۆی ڕووداوێکی زنجیرەیی هاتووچۆ کە لە ڕێگەی ئیلام  بۆ مێهران ڕووی دا، ٥ کەس گیانیان لە دەست داوە و ٥ کەسی دیکەش برینداربوون.

لەو ڕووداوە زنجیرەیەدا ماشینێکی بارهەڵگر کە بارەکەی ئاسن بووە خۆی لە سێ ماشینی سەواری و ماشینێکی دیکەی بارهەڵگر داوە و هۆکاری سەرەکیی ئەو ڕووداوە هێشتا ڕوون نەبووەتەوە.

هەروەها ڕۆژی هەینی ٤ی ڕەشەمە، پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای ئیلام ڕایگەیاند کە هەر لە ڕێگای ئیلام بۆ مێهران ڕووداوێکی هاتووچۆ ڕووی داوە و بەو هۆیەوە ٢ کەس گیانیان لە دەست داوە و ٨ کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ئاماری ڕووداروی هاتووچۆ لە ڕێگاکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٢٠ لە سەد لە ئاماری ستانداردی جیهانی زۆرترە.

لەو پێوەندییەدا سەرۆکی پۆلیسی هاتووچۆی ڕێژیمی ئێران حەسەن مۆئمێنی ڕایگەیاند کە لە ١٠ مانگی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی ١٧ هەزار و ٥٠٠ کەس بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لە دەست داوە و ڕێژەی قوربانییان بەو هۆیەوە ٦ لەسەد بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو زیادی کردووە.