کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی حەوت داوای ڕاگرتنی هاوکارییە نیزامییەکانی ئێران بۆ ڕووسیە دەکات

13:03 - 6 رەشەمه 2723

سەرۆکانی وڵاتانی گرووپی "جی ٧" هاوکات لەگەڵ دووهەمین ساڵڕۆژی هێرش و دەسدرێژی ڕووسیە بۆ سەر خاکی ئوکراین داوایان لە ڕێژیمی ئێران و چین کردووە کە هاوکارییەکانی چەکوچۆڵ، بۆ ڕووسیە ڕابگرن.

ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەشەمە، سەرۆکی وڵاتانی گرووپی جی ٧ پاش ڤیدیۆکۆنفڕانسێک بە بەشداریی ڤێلادیمیر زێلێنێسکی سەرۆککۆماری ئوکراین، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوایان لە دوو وڵاتی ناوبراو کرد کە لە یارمەتی سەربازیی بۆ ڕووسیە خۆ ببوێرن.

لەم ڕاگەیەندراوەدا داوا لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کراوە تاکوو یارمەتیدان بە ئەرتەشی ڕووسیە و شەڕ بە دژی ئوکڕاین ڕابگرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند حەوتووی ڕابردوودا سەرچاوەکان باسیان لە هەناردەی بەرفراوانی مووشەکی بالێستیک لەلایەن ڕیژیمی ئێرانەوە بۆ ڕووسیە کردووە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران یەکێک لە پشتیوانە سەرکییەکانی ڕووسیە لە شەڕی ئوکرایندا بووە و بە هەناردەی چەکوچۆڵی جۆراوجۆر وەک مووشەک و دڕۆن لە هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی و ژێرخانەکانی ئوکراین ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە.

لەم پێوەندییەدا ڤێلادیمیر زێلێنێسکی سەرۆککۆماری ئوکراین پێشتر ڕایگەیاندبوو کە تەنیا لە ماوەی ٦ حەفتەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا ٣٥٩ دڕۆنی خۆتەقێنی دروستکراوی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ئەرتەشی ئوکراینەوە خراوەتە خوارەوە.