کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایان سەبارەت بە بایكۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان لە ئێران

13:11 - 6 رەشەمه 2723

یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران، پەیامێکان سەبارەت بە بایكۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێران لە ١١ی ڕەشەمەدا، بڵاو کردەوە و ئاماژەی بە ڕەوتی فریودەرانە و نادێموکراتیکی هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا کردووە.

لەو پەیامەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئیسلامی لە لایەک نكۆڵی لە ئێرانی فرەنەتەوە دەكات و لە لایەكی دیكەوە هیچکات ڕێگەی نەداوە نوێنەرانی ڕاستەقینەی گەلانی ئێران و لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێن، بەڵكوو تەنیا بە چاوی ئەمنیەتییەوە بۆ پرسی نەتەوەكانی ئێرانی فرەنەتەوە ڕوانیویەتی.

یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران لە پەیامەکەیدا باسی کردووە کە ئەرکی مامۆستایان لە زانکۆ و قوتابخانەکانە تاکوو خەڵک لە فرتوفێڵی ڕێژیم و موهەندیسی کردنی هەڵبژاردنەکان ئاگادار بکەنەوە کە مەبەستی ڕێژیم لە هەڵبژاردنەکان تەنیا ڕەواییدان بە دەسەڵاتی ناڕەوای خۆیەتی.

لە پەیامەکەدا جەخت لە سەر ئەوە کراوەتەوە کە پاش ساڵێک تێپەڕبوون بە سەر شۆڕشی ژینادا، بە هەمان شێوە کە خوێندکاران و قوتابییان پێشەنگایەتیی شۆڕشەکەیان لە ئاستی گەلانی ئێراندا دەکرد، لە ئێستاشدا مامۆستایانی کورد بە ''نا'' وتن و بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەمەدا، بە یەکگرتوویی و دەرەوەستبوون بە ئامانجەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و بە شێوەی مەدەنی، پێشەنگایەتیی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن.

لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە، یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئیران لە سەر ئەو بڕوایە كە به‌شداریكردن له‌ وه‌ها هه‌ڵبژاردنێكدا به‌ واتای ڕه‌واییدان به‌ سیستەمی دیكتاتۆریی ویلایه‌تی فەقیهە ‌و هیچ پێوەندییەکی به‌ چاره‌نووسی پەروەردەی سەردەم و مافی ڕەوای نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانه‌وه‌ نییه‌، بۆیە بایكۆت باشترین بژاردەیە.