کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە لیستی ڕەشی ڕێکخراوی FATF دا مایەوە

21:59 - 6 رەشەمه 2723

گرووپی تایبەتی ماڵی (FATF) ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران بەهۆی نەگۆڕینی هەڵسوکەوتی خۆی و پارە سپیکردنەوە و دابینکردنی ماڵیی تێرۆریزم لەنێو لیستی ڕەشی ئەو ڕێکخراوەیەدا مایەوە.

گرووپی تایبەتی ماڵی، ڕۆژی هەینی ٤ ڕەشەمە لە دوای کۆبوونەوەی ئەو گرووپە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران هیچ گۆڕانکارییەکی لە پلانی کارەکەیدا نەخستووەتە ڕوو و تا ئەو کاتەی کەموکوڕییەکان قەرەبوو دەکرێنەوە و پلانی کارکردن تەواو دەبێت لە لیستی ڕەشی ئەم دامەزراوەیەدا دەمێنێتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی FATF، ڕێژیمی ئێران تا ئێستا بەشداری لە ڕێککەوتننامەکانی پالێرمۆ(بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تاوانە سیستماتیکەکان) و سی‌ ئێف ‌تی(بەرەنگاربوونەوە بۆ دابینکردنی ماڵیی تیرۆریزم) و پەسەندکردن و جێبەجێکردنیانی ڕەت کردووەتەوە.

ئەم دامەزراوەیە هەروەها هۆشداریی دایە ئەندامانی خۆی کە لە پێوەندییە دارایی و بازرگانی و بانکییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا ڕێوشوێنی چاودێریی زیاتر بگرنەبەر.

هەروەها ڕێکخراوی FATF، نیگەرانیی خۆی لە مەترسییەکانی دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر لەلایەن ڕێژیمی ئێران و هەڕەشەکانی بۆ سەر سیستمی دارایی نێودەوڵەتی دەربڕی.

ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ١٣٩٩دا لە ترسی پەکخستنی ناردنی یارمەتییە داراییەکانی بۆ میلیشیاکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها ئاشکراکردنی پێوەندییە داراییەکانی ڕێژیم لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانە دژایەتیی گەڵاڵەکانی ڕێکخراوی FATF کردبوو.

شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوشانی دوو وڵاتی کۆریای باکوور و میانمار لە لیستی ڕەش و لیستی بەرپەرچدانەوەی ئەم ڕێکخراوەدا مایەوە.