کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئورووپا بە دژی لەسێدارەدانەکان لە ئێران

17:46 - 15 رێبەندان 2723

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندان کۆمەڵێک لە هاووڵاتیانی ئێرانیی نیشتەجێی ئورووپا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بە دژی لەسێدارەدانەکان لە ئێران بەڕێوە برد.

ئەم کۆبوونەوانە کە لە شارەکانی وەک بێرلین، ستۆکهۆڵم، دووبلین، ڤییەن و کۆپێنهاگ بەڕێوەچوو لە چوارچێوەی "ڕاپەڕین دژی سزای لەسێدارەدان" کە لەلایەن ٢٤ دامەزراوە و گرووپی چالاک لە دەرەوەی وڵات بانگەوازی بۆ کرابوو، بەڕێوە چووە.

ئەم گرووپانە لە بانگەوازەکەیاندا ڕایانگەیاندبوو کە ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕێبەندان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و قامچی و ئەشکەنجە و ئازادی بۆ هەموو بەندکراوانی سیاسی و ئاینیی و هەروەها بۆ "ژن، ژیان، ئازادی"، لە ١١ شاری جیهان کۆبوونە بەڕێوە دەبەن.

لەم بانگەوازەدا وێڕای ئاماژەدان بە لەسێدارەدانی ٥ بەندکراوی سیاسی و ناڕازی لە ڕۆژانی ڕابردوودا جەخت کراوەتەوە کە بەپێی ئامارەکانی دامەزراوە مافی مرۆییەکان، ڕێژەی لەسێدارەدان لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا زۆرترین ڕیژە لەچاو ٨ ساڵی ڕابردوودا بووە.

بەپێی ئامارەکانی هێرانا، هەواڵدەریی مافی مرۆڤی ئێران، لە ساڵی ٢٠٢٣ زایینیدا لانیکەم ٧٩١ هاووڵاتی لەوانە ٢٥ ژن و ٢ منداڵ لە سێدارە دراون کە لە چاو ساڵی پێشتری ٣٣ لەسەد زیادی کردووە.

حەمید نەوزەری بەرپرسی کانوونی پەنابەرانی سیاسیی ئێرانی و یەکێک لە ڕێکخەرانی ئەم کۆبوونەوانە ڕایگەیاند: ئامانج لەم کۆبوونەوانە راکێشانی سەرنجی ڕای گشتی بۆ لای لەسیدارەدانەکان لە ئێران و هەروەها هاودڵیی لەگەڵ شۆڕشگێڕان و خواستەکانییان لە نێوخۆی وڵاتە.

ئەم بانگەوازە دووهەمین بانگەواز بە دژی لەسێدارەدانەکان لە ئێران لە چەند حەفتەی ڕابردووە کە لە چوارچێوەی "ڕاپەڕین دژی سزای لەسێدارەدان" بەرێوە چووە.

بانگەوازی یەکەم ڕیکەوتی ٣٠ بەفرانبار بوو کە هاووڵاتییان لە ٤٣ شار و ١٥ وڵاتی جیهان بە دژی ڕەوتی لەسێدارەدانەکان لە ئێران کۆبوونەوەیان بەڕێوە برد.