کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرستارەکان بە هۆی قورسبوونی کار و کەمیی مووچە واز لە کارەکەیان دێنن

10:39 - 7 رەشەمه 2723

ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەشەمە محەممەدتەقی جەهانپوور سەرۆکی ڕێکخراوی نیزام پەرەستاریی ئێران، بە هەواڵنێری "مهر"ـی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی ڕاگەیاند کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی سەرماوەز، ٢١٦ پەرستار بە هۆی قورسبوونی کارەکانیان و کەمبوونی ڕێژەی مووچەکانیان ناچار بوون کە دەست لە کارەکەیان بکێشنەوە.

ناوبراو وتی کە لەو ٩ مانگەدا زۆرترین پەرستار لە نەخۆشخانەکانی شاری تاران دەستیان لە کارەکانیان کێشاوەتەوە.

جەهانپوور ئاماژەی بەوە کرد بە هۆی کەمبوونی پەرستار لە ئێستادا گوشارێکی زۆر کەوتووەتە سەر پەرستارەکانی دیکە و ئەوان ناچارن کە ٢٠٠ کاتژمێر کاری زۆرتر بکەن.

بەپێی ستاندارد هەر پەرستارێک ١٥٠ کاتژمێر ئەرکی هەیە و کارکردنی زیاتر لەم ڕێژەیە بە خواستی خۆیانە، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی کەمیی پەرەستار لە نەخۆشخانەکانی ئێران ماوەی زۆری کار بۆ پەرستاران بووەتە ئەرک و نیوەی هەرە زۆری ئەو پەرستارانە بۆ هەر کاتژمێر کاری زیاتر تەنیا ١٦ هەتا ٢٠ هەزار تمەن وەردەگرن.

ئەم هۆکارانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە پەرستارەکان لە ئێران دوای دەستکێشان لە کارەکەیان کۆچ بۆ وڵاتانی دەورووبەری کەنداو و وڵاتانی ئورووپایی بکەن.

حوسێن قەناعەتی سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی ئێران ڕایگەیاند کە ئەمساڵ کەمیی پەرستار لە نەخۆشخانەکان بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی گیانلەدەستدانی نەخۆشەکان، و ساڵانە زیاتر لە ٣ هەزار پەرستار کۆچ بۆ دەرەوەی ئێران دەکەن، بەڵام وەزارەتی تەندروستیی ئێران نیوەی ئەو ڕێژەیەش بە کادری دەرمانی زیاد ناکات و لە ئێستادا نەخۆشخانەکانی ئێران لەگەڵ کەمیی زیاتر لە ١٠٠هەزار پەرستار بەرەوڕوون.

بە هۆی کەمیی پەرستار و قورسبوونی کار و کەمیی مووچە، بە دەیان جار پەرستارەکان لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ ناوەندێکی پێوەندیدار وڵامی نەداونەتەوە و دۆخیان ڕۆژ بە ڕۆژ خرابتر دەبێ.