کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی بێ‌ئاکامی حووسییەکان لە دەریای سوور

11:42 - 7 رەشەمه 2723

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە لە ڕاپۆڕتێکدا باسی لە خستنەخوارەوەی ٢ دڕۆنی حوسییەکان لە دەریای سوور کرد.

بەپێی ڕاپۆڕتی سێنتکام، هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەرگری لە خۆیان ٢ دڕۆنی حوسییەکانیان لە باشووری دەریای سوور تێک شکاندووە و و هەروەها مووشەکێکی بالێستیکی ئەو گرووپە کە بە ئاراستەی کەشتییەکی ئەمریکایی تەقێندرابوو، کەوتە خوارەوە و هیچ زیانێک بە کەشتییەکە نەگەیشتووە.

کەشتییەکە هەڵگری بەرهەمە کیمیاییە نەوتییەکان بووە کە بە ئاڵای ئەمریکاوە لە کەنداوی عەدەن مووشەکی بالێستیکی دژەکەشتیی ئاراستە کرابوو.

سێنتکام جەختی کردووەتەوە کە هێزەکانیان لە هەوڵدان تاکوو ئەمنییەتی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بۆ گەشتە دەریاییەکان، بازرگانیی جیهانی و کەشتییە بارهەڵگرەکان دابین بکەن.

زۆربەی کۆمپانییە بازرگانییەکان هاتوچووی کەشتییەکانیان بۆ دەریای سوور ڕاگرتووە و چاوەڕوانن تاکوو ئەمریکا و بریتانیا بتوانن بە هێرشکردنە سەر حوسییەکان و لاوازکردنیان بۆ جارێکی دیکە ئەمنییەتی دەریای سوور دابین بکەن.

لەم پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەشەمە، ئەمریکا بە هاوکاریی بریتانیا و ٦ وڵاتی هاوپەیمان ١٨ پێگەی حووسییەکانیان کردە ئامانج و زیانێکی زۆریان بە کۆگای چەک و تەقەمەنییەکانی ئەو گرووپە تێرۆریستییەی سەر بە ڕێژیمی ئێران گەیاند.