کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی ڕێژیم قەدەغەکردنی فیلتێرشکێنی بۆ خەڵک ڕەت کردووەتە

11:48 - 7 رەشەمه 2723

وتەبێژی ڕێژیم قەدەغەکردنی فیلتێرشکێنی بۆ خەڵک ڕەت کردووەتە و ڕایگەیاندووە کە ئەم یاسایە تەنیا بۆ دامودەزگا دەوڵەتییەکان پێڕەو دەکرێت.

عەلی بەهادۆری جەهرۆمی ڕۆژی یەکشەممە لە بەرنامەیەکی میدیاییدا و بە بێ ناوبردن لە شۆرای باڵای فەزای مەجازی وتی: شۆرایەکی باڵاتر لە دەوڵەت لە چوارچێوەی قەدەغەکردنی فیلتێرشکێن، یاسایەکی داناوە و بەردەنگی یاساکە تەنیا دامودەزگا حکوومەتییەکانن.

شۆرای باڵاتر لە دەوڵەت هەمان شۆرای باڵای فەزای مەجازییە کە لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا و بە فەرمانی خامەنەیی دامەزرا.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە محەممەدئەمین ئاقامیری سەرۆکی ئەم شۆرایە ڕۆژی ١ی ڕەشەمە بڕیارێکی ئەم شۆرایەی ڕاگەیاند کە  بەپێی ئەم بڕیارە کەڵکوەرگرتن لە فیلتێرشکێن قەدەغە دەکات، مەگەر کەسێک کە مۆڵەتی یاسایی هەبێت.

ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ لەلایەن عەلی خامنەییەوە قەبووڵ کرابوو.

ڕاگەیاندنی ئەم یاسایە چەند ڕۆژ پاش داخستنی هەژمارەکانی عەلی خامنەیی لەلایەن کۆمپانیای "مێتا" بە هۆی پشتیوانیکردنی لە گرووپ و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی وەک حەماس، حیزبوڵڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن بووە.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەیامنێرە گرینگەکانی فیلتێر کردووە و بە ئامرازی دوژمن ناویان لێ دەبات.

سەرەڕای هەموو ئەمانە بەرپرسان و دامودەزگا حکوومەتییەکان لەم بە ناو ئامرازەی دوژمن کەڵک وەردەگرن و بەردەوام چالاکی تێدا دەکەن و ئیدئۆلۆژیی ڕێژیمی تێدا بڵاو دەکەنەوە.