کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانکۆکانی ئوسترالیا و ئێران لە بواری تێکنۆلۆژیی هەستیار هاوکارییان هەبووە

11:52 - 7 رەشەمه 2723

ڕۆژنامەی ''گاردیەن''ی بریتانیا بڵاوی کردەوە، سەرەڕای داوای حکوومەتی ئوسترالیا لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە بۆ ڕاگرتنی پێوەندی لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان، هەندێک لە توێژەرانی ئوسترالیا لە بواری تێکنۆلۆژی هەستیاردا لەگەڵ زانکۆکانی ئێران هاوکارییان کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە مانگی ئاوریلی ساڵی ٢٠٢٣دا، پێنی وانگ وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا، لە نامەیەکدا بۆ زیاتر لە ٣٠ جێگری ڕاوێژکار و سەرۆکی زانکۆکانی ئەم وڵاتە، باسی لە ڕاپەڕینی خەڵک لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی کردووە و نیگەرانیی خۆی لەبارەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەربڕیوە.

وانگ لەم نامەیەدا داوای لە زانکۆکانی ئوسترالیا کردووە هاوهەنگاو لەگەڵ دەوڵەتی ئەو وڵاتە، هاوکارییەکانیان لەگەڵ دامودەزگاکانی ئێران تەنانەت زانکۆکانیش ڕابگرن و خۆیان لە هەر ڕێککەوتنێکی نوێی پێشنیارکراوی نوێ بەدوور بگرن.

لێکۆڵینەوەکانی گاردیەن دەریدەخەن لەو کاتەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ بابەتی زانستی بڵاو بوونەتەوە کە لە ئەنجامی هاوکاریی توێژەرانی زانکۆکانی ئوسترالیا و ئێران بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە، ترسی ئەوە هەیە کە لێکۆڵینەوەی ئاکادیمی لەلایەن ڕێژێمە سەرکوتکەرەکانی وەک کۆماری ئیسلامی بۆ بەهێزکردنی تێکنۆلۆژیی سەربازی و چاودێری کەڵک وەربگیرێت.

ئەم ڕۆژنامەیە زیادی کردووە کە ئەو لێکۆڵینەوانەی لە زانکۆکانی ئێران ئەنجام دراون، ڕاستەوخۆ بۆ پێشخستنی بەرنامەی ناوکی و دڕۆنیی کۆماری ئیسلامی کەڵکیان لێ وەرگیراوە.

جێگەی ئاماژەیە کە لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ ڕێکخراوی هاوپەیمانی دژی ئێرانی ئەتۆمی ڕایگەیاند کە زانکۆکانی بریتانیا، ئوستوراڵیا و ئەمریکا لە توێژینەوەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ زانکۆی سەنعەتی شەریفی ئێران سەبارەت بە تێکنۆلۆژیی دڕۆنەکان هاوکاریان کردووە.