کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سووریە دوو ئەندامی حیزبوڵڵا کوژران

11:58 - 7 رەشەمه 2723

بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەشەمە، دوو ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنان لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بارهەڵگرێک لە سووریە لە نزیک سنووری لوبنان کوژراون.

هەروەها حیزبوڵڵای لوبنان لە دوو بەیاننامەدا کوژرانی دوو چەکداری خۆی لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتڕاست کردووەتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕێکخراوی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریە و تلویزیۆنی دەوڵەتیی ئەو وڵاتە ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەشەمە ڕایانگەیاند کە لانیکەم دوو کەس لە هێرشێکدا بۆ سەر گەڕەکێک لە دەمشقی پێتەختی سووریە کوژراون و هێرشەکەیان خستووەتە ئەستۆی ئیسرائیل.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆ لە سووریە لە ساڵی ٢٠١١، ئیسرائیل سەدان هێرشی بۆ سەر ئەم وڵاتە ئەنجام داوە. هێرشەکانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی سەرەکی گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لەوانە حیزبوڵڵای لوبنان، ئەرتەشی سووریە و ڕاوێژکارانی سەربازی سپای پاسدارانیان کردووەتە ئامانج.

هەروەها لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە ١٥ی ڕەزبەری ئەمساڵەوە، ئەم هێرشانە زیاتر پەرەیان گرتووە و بەرپرسانی ئیسرائیل بە دەگمەن لێدوان لەسەر هێرشەکان دەدەن، بەڵام چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە ڕێگە بە ڕێژیمی ئێران نادەن بوونی نیزامیی خۆی لە سووریە فراوانتر بکات.