![](/content/upload/1/root/70724_w920.jpg)
ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی کاک پۆڵا نانەوازادە، کادری پێشووی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆچی دوایی کرد.
پۆڵا نانەوازادە، کوڕی هاشم نانەوازادەی سابڵاغی، لە شاری مەهاباد و لە بنەماڵەیەکی بەناوبانگی کوردپەروەر لەدایک بوو.
پۆڵا نانەوازادە لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی خەڵک دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی لە شاری مەهاباد ڕۆڵی هەبوو. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و وەگڕوتینکەوتنەوەی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان، کاک پۆڵا ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکراتی هەڵبژارد و لە بەشی پەروەردە و تەبلیغیی حیزبدا چالاکانە درێژەی بە کارەکانی دا.
دوای دامەزرانی ڕادیو دەنگی کوردستانی ئێران، کاک پۆڵا بە نووسین و بێژەریکردن، ڕۆڵی لە گەیاندنی دەنگی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان گێڕا.
دوای پەڕیوەبوونی بۆ هەندەران و گیرسانەوەی لە وڵاتی سوید، تا دوایین ساتەکانی ژیانی بە نووسینی بەرهەمی ئەدەبی و پێوەندیی چڕوپڕی لەگەڵ هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دێرینی خۆی، وەفادار بە ئامانجەکانی خۆی مایەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک پۆڵا نانەوازادەوە، سەرەخۆشی لە هاوڕێ و هاوسەنگەران، هەروەها بنەماڵە و کەسوکاری دەکات.