کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گیانی لەدەست دا

11:04 - 8 رەشەمه 2723

شاهین گەلەداری، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی ورمێ، بەشێوەیەکی گوماناوی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گیانی لەدەست دا و لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە گیانلەدەستدانی وەکوو خۆکوژی ڕاگەیەندرا.

شاهین گەلەداری بەندکراوی تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی گوندی "حەکی" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، کە ماوەی دوو ساڵەی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ تێپەڕ دەکرد، ئێوارەی یەکشەممە ٦ی ڕەشەمە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ بە بەندکراوان و بنەماڵەی گەلەدارییان ڕاگەیاندووە کە ئەو بەندکراوە سیاسییە خۆی کوشتووە. تەرمی ناوبراو ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی ورمێ کراوە.

ناوبراو لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە بانگ کراوە و وێڕای هەڕەشە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە.

شاهین گەلەداری ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری هەڵیانکوتایە سەر مالەکەی و ناوبراویان دەسبەسەر کرد کە دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە ساڵی ١٣٩٩ لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێوە، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومتی ئێران"، بە ٢ ساڵ زیندان مەحکووم کرا و مانگی ڕەشەمەی ١٤٠١، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرابوو.

مەرگی شاهین گەلەداری کە وەکوو خۆکوژی ڕاگەیەندراوە، یەکەم حاڵەتی مردنی گومانای لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئێران نییە، بەپێی ئاماری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٣٥ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا گیانیان لەدەست داوە کە ٦٠ لەسەدی ئەو کەسانە، بەندکراوانی کورد بوون و لانیکەم ١٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی پارێزگای ورمێ گیانیان لەدەست داوە.