کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ٢٨ی ڕەشەمە ڕاپۆڕتەکەی بڵاو دەکاتەوە

11:06 - 8 رەشەمه 2723

بڕیارە کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەمە سەبارەت بە پێشێلیکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوی "ژن، ژیان، ئازادی"، ڕاپۆڕتی خۆی بڵاو بکاتەوە.

٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنێکی تایبەتدا سەبارەت بە سەرکوتی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە، بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە بەپێی ئەو بڕیارنامە کۆمیتەیەکی دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان لە ئێران پێکهات.

هەر بەم بۆنەوە وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەنجا و پێنجەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ، پێکهاتنی ئەم کۆمیتەیە لە پاش کوشتنی ژینا ئەمینیی، مەحکووم کرد.

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لە وتارەکەی خۆیدا، پێکهاتنی کۆمیتەی ڕاستییەکانی بە بیانوو لە قەڵەم دا و شۆرای مافی مرۆڤی بە جیاوازیدانان تۆمەتبار کرد.

کۆمیتەی ڕاستییەکان لەلایەن شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەرکدار کراوە تاکوو لێکۆڵینەوەیەکی تەواو و سەربەخۆ لە پێشێلیکارییەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی سەبارەت بە ژنان و منداڵان لە کاتی خۆپیشاندانەکان و هەروەها لێکدانەوە بۆ سکاڵاکان و کۆکردنەوەی بەڵگەکان بکات.

بەم پێیە بڕیارە کە یەکەمین ڕاپۆرتی کۆمیتەکە لە دەستکەوتەکانی سەبارەت بە ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ١٨ی ڕەشەمە و بەرامبەر بە ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان بڵاو بکرێتەوە.

ڕاپۆرتی سەرەکیی کۆمیتەکە ١٠ ڕۆژ دواتر و لە ٢٨ی ڕەشەممەدا بڵاو دەبێتەوە.