کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: ئێران بۆ سەرکردە باڵاکانی ئەلقاعیدە پەناگەیەکی ئارامە

12:05 - 8 رەشەمه 2723

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وتووێژێکدا ڕاگەیاندووە کە: کۆماری ئیسلامی لانیکەم لە ساڵی ٢٠٠٩ـەوە ڕێگەی بە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە داوە کە لە ڕێگەی هێڵێکی سەرەکیی پێوەندی لە ڕێگەی ئێرانەوە کارئاسانی بۆ چالاکییە تیرۆریستییەکانی بکات، هەروەها پارە و چەکدارەکانی خۆی بەرەو باشووری ئاسیا، سووریە و شوێنەکانی تر بگوازێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە که کۆماری ئیسلامی له دابینکردنی پەناگەیەکی ئارام بۆ سەرکرده باڵاکانی ئەلقاعیده له ئێران بەردەوامه و سەرەڕای ئاگاداربوون لە چالاکیی ڕێبەرانی ئەلقاعیدە، هەبوونی ئەوان لەنێو ئێران ڕەت دەکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ڕیژیمی ئێران لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بزوێنەری سەرەکیی ناسەقامگیرییە و لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییەوە وا بووە.

بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕێژیمی ئێران پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریزمە و بەشێوەیەکی بەربڵاو چالاکیی تیرۆریستی و نایاسایی دیکە لە سەرانسەری جیهان، لە بەحرەین، عێراق، لوبنان، سووریە و یەمەن، لە ڕێگەی گرووپە  تێرۆریستییەکانیەوە وەک حیزبوڵڵا و حەماس ئەنجام دەدات.

هەروەها لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی گەمارۆکانی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جەخت لەوە کراوەتەوە کە تۆڕی ئەلقاعیدە لە ئێران و ئەفغانستان خانووی ئەمن و پارێزراوی هەیە و ئەندامەکانی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا جووڵە دەکەن.

ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا کە لە مانگی فێورییەی ٢٠٢٣ بڵاو کرایەوە، ڕایگەیاندبوو، دوای ئەوەی ئیمەن زەواهیری لە ساڵی ٢٠٢٢ لە کابۆل کوژرا، سەیف ئەلعەدل ڕێبەرایەتیی گرووپی ئەلقاعیدەی گرتە ئەستۆ، و پێدەچێت لە ئێران بێت.

سەرەڕای نکۆڵیکردنی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا، ڕاپۆرتێکی زۆر سەبارەت بە بوونی سەرکردە و بەرپرسانی باڵای ئەلقاعیدە یان ئەندامانی بنەماڵەی ئوسامە بن لادەن لە ئێران بڵاو کراونەتەوە.