کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تووڕەیی کاربەدەستانی ڕێژیم لە داخرانی هەژماری دامودەزگاکانیان لە تۆڕی ئیکس

12:25 - 8 رەشەمه 2723

پاش حەفتەیەک لە داخستنی هەژماری هەواڵدەریی میزان سەر بە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئیکس"، کاردانەوە و تووڕەیەکان لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە سەبارەت بەم بابەتە، بەردەوامە.

مێهدی فەزائێلی لە ئەندامانی نووسینگەی پاراستنی بەرهەمەکانی ڕێبەری ڕێژیم، ڕەخنەی لە داخستنی هەژماری ئیکسی هەواڵدەریی میزان گرتووە و ڕایگەیاندووە هەر ئەو پرسەی کە بووە هۆی داخستنی هەژماری ئینستاگرامی عەلی خامنەیی، هۆکاری داخرانی هەژماری میزانیش بووە.

هۆکاری داخرانی هەژمارەکانی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران پشتیوانیی ئاشکرای ناوبراو لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و بەرگری لە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و دواکاری بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل بوو.

فەزائێلی داخستنی ئەم هەژمارانەی بە نەبوونی ئازادی دەربڕین لە قەڵەم داوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە هەموو ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە پێشتر بە هۆی ترس لە گەیشتنی زانیاری بەدەست خەڵکی ئێران و دەرەوە، لەلایەن ڕێژیمەوە فیلتێر کرابوون.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس نیشانە زێڕێن و شینەکانی هەژماری "پرێس تیڤی، تەسنیم و ئیرنا"ی سڕیوەتەوە.

نیشانەی زێڕین تایبەتە بەو هەژمارانەی کە وەک ڕێکخراوی فەرمی ناسێندراون.

پشتیوانی لە تێرۆر و تێرۆریسم لەسەر هەژماری دامودەزگاکان و ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بووەتە هۆکار تاکوو بەرەوڕووی سزا لەلایەن کۆمپانییە بەناوبانگەکانەوە ببنەوە و هەژمارەکانیان سنووردار بکرێن و دابخرێن.