کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام سێ کەشتی و دوو مووشەک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانی تێک شکاند

12:30 - 8 رەشەمه 2723

فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا (سێنتکام)، ڕایگەیاند، نیوەڕۆ و ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٧ ڕەشەمە، هەندێک چەکی تری حوسییەکانی یەمەنی تێک شکاندوون کە ئامادەی هاویشتن بەرەو دەریای سوور بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی سێنتکام، هێزەکانی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە، سێ کەشتیی بێسەرنشین (شەهباد) و دوو مووشەکی کڕووزی دژەکەشتی و فڕۆکەیەکی بێسەرنشینی سەر بە حوسییەکانیان تێک شکاندووە.

ئەرتەشی ئەمریکا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم کارانە بۆ دابینکردنی ئازادیی کەشتیوانی و ئەمنکردنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدرێن.

ئەو هێرشانە کێشەیان بۆ هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لەو ڕێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییە دروست کردووە کە ساڵانە ١٢ لەسەدی بازرگانیی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت و هەندێ لە کەشتییەکان لەپێناو سەلامەتییان، ڕێگەیەکی دوورتر دەبڕن.

مانگی ڕابردوو وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور، ئەمریکا جارێکی دیکە ئەو گرووپەی خستەوە نێو لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە و تاکوو ئێستاش چەند جارێک لەگەڵ بریتانیادا هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر حوسییەکان و پێگەکانی لە یەمەن بە مەبەستی ڕاگرتنی هێرشەکانییان ئەنجام داوە.

زۆرێک لە شارەزایانی ڕۆژاوا پێیانوایە کە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتیەکان لەسەر داوای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و بە هاوکاریی چەک و زانیارییەکانی تاران ئەنجام دەدرێت و حوسییەکانیش دەڵێن، هێرشەکانیان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی غەززەیە.