کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ڕێژیم کەوتوونەتە ئامادەباشییەوە

13:12 - 8 رەشەمه 2723

ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەشەمە، غوڵامحوسێن مۆحسێنی ئێژەیی سەرۆکی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران، داوای لە هەموو هێزەکانی ڕێژیم وەکوو هێزی سەربازانی گومنام، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، بەسیجی ئیتلاعات، ئیتلاعاتی سپا و فەراجا کردووە، ڕۆژی ١١ی ڕەشەمە کە بڕیار وایە شانۆی هەڵبژاردنی ڕێژیم بەڕێوە بچێ دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم لە بەشێکی قسەکانیدا ئەم هەڵبژاردنەی بە هەڵبژاردنێکی هەستیار و گرینگ ناو بردووە و وتوویەتی کە داوا لە هەموو بەرپرسان و ناوەندە دادوەرییەکانیش دەکەم کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخ و پاراستنی ئەمنییەتی خەڵک هەوڵی خۆیان بدەن.

ئێژەیی لە قسەکانیدا شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی بە جێژنی خەڵکسالاریی دینی ناو برد و وتی دوژمن بە هەموو هێزی خۆیەوە هەوڵ دەدات کە ئەو هەڵبژاردنە تێک بدات بۆیە دەبێ هێزەکانمان بە باشی ئاگاداری دۆخەکە بن.

کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ بەڕێوەبردنی شانۆی هەڵبژاردنی ئەمساڵ ترسی هەستانەوی خەڵک بە دژی دەسەڵاتیان لێ نیشتووە و لە ئێستاوە باس لە هەبوونی دەستی دەرەکی و خۆ ئامادەکردنی دوژمن بۆ تێکدانی ئەمنییەت دەکەن و هەر بە ناوی هەبوونی دوژمن بڕیاری ئامادەباشی بە هەموو هێزەکانی ڕێژیم دراوە.

دوای شۆڕشی سەرانسەریی ژن، ژیان، ئازادی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمە یەکەمین هەڵبژاردنی ڕێژیمە کە بەڕێوە دەچێ و کاربەدەستانی باڵای ڕێژیم بە باشی دەزانن کە خەڵکی وەزاڵەهاتوو بۆ دەرفەتێک دەگەڕێن کە بێزاری و نەفرەتی خۆیان بەو ڕێژیمە نیشان بدەن.