کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥ دڕۆنی حوسییەکان خرایە خوارەوە

11:52 - 9 رەشەمه 2723

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەشەمە، ٥ دڕۆنی حوسییەکانی یەمەنی خستووەتە خوارەوە .

لە ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکامدا هاتووە: لە ڕێگەی فڕۆکە شەڕکەرەکان و کەشتییەکی نیزامیی هێزە هاوپەیمانەکان، ٥ دڕۆنی خۆتەقێن کرایە ئامانج کە لەلایەن ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکانەوە هەڵدرابوون.

 لەم راگەیەندراوەدا هاتووە: هێزەکانی سێنتکام لە ناوچەکە دڕۆنەکانیان بە هەڕەشەیەکی نزیک بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان و هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمان زانیوە و جەختی کردووەتەوە کە ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی دابینکردنی ئەمنییەت و پاراستنی کەشتیوانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەشتییە بارهەڵگرەکان، ئەنجام ئەدرێت.

ئەمریکا بە هاوکاریی بریتانیا و ژمارەیەک لە وڵاتان هاوپەیمانییەکیان پێکهێناوە تاکوو ئەمنییەتی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور دابین بکات.

هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان پاش دەسپێکی شەڕی غەززە و بە بیانووی پشتیوانی لە گرووپی تێرۆریستیی حەماس ئەنجام ئەدرێت.