کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لەنێو خاکی یەمەن پشتیوانی لە حوسییەکان دەکەن

11:54 - 9 رەشەمه 2723

ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەشەمە تیم لێندرکینگ دیپلۆماتێکی باڵای ئامریکا، بە کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی سێنای ڕاگەیاندووە کە بەپێی ڕاپۆرتگەلێکی باوەڕپێکراو دەرکەوتووە کە هەژمارێکی بەرچاو لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان لە ناو وڵاتی یەمەندا پشتیوانی لە هێرشەکانی حوسییەکان دەکەن.

هەروەها ناوبراو ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران لە حاڵی هەناردنی کەلوپەلی سەربازی و ئاسانکاری بۆ هێرشی حوسییەکانە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە دڵنیام خەڵکی یەمەن نایانهەوێ کە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لەنێو وڵاتەکەیاندا بن و دەبێ ئەو هێزانە بە زووترین کات لەوێ نەمێنن.

ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە گرووپە موقاومەتییەکانی وەکوو حوسییەکان بە شێوەی سەربەخۆ کار دەکەن.

گرووپی حوسییەکانی یەمەن لە چەند مانگی ڕابردوودا بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران زیاتر لە ٤٠ جار هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانی و نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، و خۆیان دەڵێن کە ئەو هێرشانە وڵامێکن بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە و پشتیوانی لە فەلەستین دەکەن.

هێزەکانی ئەمریکا و بریتانیا تا ئێستا چەندین جار لە وڵامی ئەو هێرشانەی حوسییەکان و تێکدانی ئەمنییەتی دەریای سوور هێرشیان کردووەتە سەر پێگە و دامەزراوەکانی حوسییەکان لە یەمەن.