کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە ورمێ کۆچی دوایی کرد

11:57 - 9 رەشەمه 2723

ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەشەمە پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی جەلال مووساپوور، لە شارۆچکەی دزەی سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ کۆچی دوایی کرد.

کاک جەلال مووساپوور ساڵی ۱۳۲۷ی هەتاوی لە شارۆچکەی دزەی مەرگەوەڕ لەدایک بووە.

ناوبراو ساڵی ۱۳٥٨ی هەتاوی و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران، ڕووی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات کردووە.

ناوبراو دوای ماوەیەک خەبات و تێکۆشان دەبێتە هاوکاری کادر و پاشان وەکوو کادر لەلایەن حیزبەوە ئەرکی جۆراوجۆری پێ دەسپێردرێ.

کاک جەلال ساڵی ۱۳٦٦ی هەتاوی لەسەر ئیزنی حیزب دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ژیانی ئاسایی خۆی بە کاری جووتیاری و ئاژەڵداری درێژە پێ دەدات.

ناوبراو هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی پڕ سەروەریی حیزبی دێموکرات مایەوە.

تەرمی ناوبراو هەمان ڕۆژ لە گۆڕستانی گەورەی دزەی مەرگەوەڕ و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی حیزبدۆستی ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانی.